دادگا و دادوەری بازرگانی لە هەولێر دەستبەكاربوو
تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشە و گرتفەکانی کەرتی بارزگانی
K24 - هەولێر:
رۆژی دووشەممە رێكەوتی 28ـی شوبات/فەبرایەری 2022، شاندێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە سەرۆكایەتی (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێریان كرد.
سەردانەكە بە مەبەستی كرانەوەی دادگای بازرگانی و پیرۆزبایی كردن لە دادوەر (تەرزە سالار عوسمان) بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك دادوەری دادگای بازرگانی.
دادگای بارزگانی گرنگییەكی تایبەت و زۆری هەیە بۆ هەرێمی كوردستان بە گشتی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە تایبەتی.
دادگاکە بۆ سەرپەرشتی كردنی ئەو كێشە و گرفت و كەیسانەیە كە لە كەرتی بازرگانیدا سەرهەڵدەدەن، تاوەكو بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەرییان بۆ بدۆزرێنەوە و یەكلایی بكرێنەوە.