ئەنجومەنی شارەداری واشنتن جهژنی نەورۆز بە فەرمی دهناسێنێت
زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا ساڵانە ئەم جهژنی نهورۆز پیرۆز دەکەن

K24 - ههولێر:
ئەنجوومەنی شارەوانی واشنتنی پایتهختی ئهمهریكا، رەشنووسێکی پێشنیازکراوی پەسەند کرد، کە تێیدا داوا کرابوو جهژنی نەورۆز وەکو رووداوێکی ''کولتووری و مێژوویی'' بە فەرمیی بناسرێت.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی شارەوانی واشنتن، ئێوارهی رۆژی سێشەممە، (1ی ئادار/ مارسی 2022)، رەشنووسەکە بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومهنه پەسەند کراوە. هەروەها لە بڕیارنامەی پەسەندکراو پێشینەی مێژووی نەورۆز و زانیاری دەربارەی تایبەتمەندییەکانی نەورۆز وەکو دەسپێکی بەهار و ساڵی نوێ ئاماژەی پێکراوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا هاتووە: جهژنی مێژوویی نەورۆز، پێشینەیەکی 3 هەزار ساڵەی هەیە، وەکو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردووهتەوە، پتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا ساڵانە ئەم جهژنە پیرۆز دەکەن.
ئەنجومەنی شارەوانیی واشنتن، لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا ئاماژهی بهوه كردووه، خەڵک بەو پێشینە کولتووری، رەگەزی و ئایینی جیاوازانهی هەیانە، بهشداری له جهژنی نەورۆز دهكهن، لەو نێوانهدا کریستانەکان، موسڵمانان، جوو، بەهایی، زەردەشتی و هەروەها دیندار و بێ دین، جهژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن'.
ئەنجومەنەکە لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی: نەورۆز لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەکو میراتێکی کولتووری مرۆڤایەتی بە فەرمیی دەناسرێت، کە لەلایەن خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا رێز لەم سامانە کولتووری و کەلەپوورییە دەگیررێت.
بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە، ئەنجومەنی شارەوانیی واشنتن، وێرای بە فەرمیی ناسینی نەورۆز وەکو جهژنێکی دیرۆکی، هاوکات لەمەوپاش لە رۆژژمێری فەرمیی شاردا، دەیگونجێنێت.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2010 بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، جهژنی نەورۆزی وەکو جهژنێکی نەتەوەیی بە فەرمیی ناساند.
جهژنی نەورۆز لە کوردستان دەستپەکی ساڵی نوێ و بوژانەوەی سرووشت و هاتنی بەهار و زاڵبوونی روناکی بەسەر تاریکییە، نەورۆز هێمای خەبات و کۆڵنەدان بۆ ئازادی و سەربەستییە، کوردستانیان لە دەرەوەی وڵاتیش بە شایی و رێكخستنی کۆڕ و کۆمەڵ و سەیران، رۆحی ئەم جهژنەیان بە زیندوویی و پیرۆزی راگرتووە.