بە ڤیدیۆ.. جۆو بایدن ئێرانی و ئۆکرانییەکان تێکەڵ دەکات
سەرۆکی ئەمەریکا لەکاتی قسەکردن هەڵە دەکات
K24 - هەولێر:
لە کاتژمێر 9ی شەوی سێشەممە، 1ی مارس، سەرۆک بایدن لەکاتی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی خۆی لە نێو ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی هەر دوو حیزبی کۆماری و دێموکرات لە کۆنگرێس هەڵەیەکی کرد.
سەرۆک قسەکانی بە ستایش و پێزانیین بۆ خەبات و خۆڕاگری خەڵکی ئۆکرنیا دەست پێکرد و لەم بەستێنەدا گوتی: ''ئێمە بە درێژایی مێژوو ئەو وانەیە فێر بووین، کاتێک ملهوڕەکان باجی دەستدرێژیەکانیان نادەن، دەبنە هۆکاری بێسەروبەری پتر. ئەوان درێژە بە کردەوەکانیان دەدەن و بەم جۆرە مەترسی و تێچووی ئەو هەڕەشانەش لەسەر ئەمریکا و جیهان پتر دەبێ''.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "جیهان ئاشتی و سەقامگیری هەڵدەبژێرێت، ئەمە تاقیکردنەوە راستەقینەکەیە، کاتی دەوێت، بۆیە با لە ئیرادەی ئاسنینی خەڵکی ئۆکرانیاوە فێرببین، بۆ هاوڕێ ئۆکرانیە – ئەمەریکیەکانمان کە خاڵێکی بەهێزی پەیوەندی نێوان دوو گەلن، لەگەڵ ئێوەدا دەوەستین."
جۆو بایدن لە دوای ئەو قسانە هەڵەیەک دەکات و لەبری ئەوەی ناوی ئۆکرانییەکان بهێنێت دەڵێت "پووتن رەنگە بە تانک چواردەوری کیڤ بگرێت بەڵام هەرگیز دڵ و رۆحی ئێرانییەکان بەدەست ناهێنێت."
H.H