ئۆکرانیا داوا لە چین ده‌كات ببێته‌ نێوەندگیر

"کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە گرنگترین ئامانجەکانی وڵاتەکەیەتی"

ئۆکرانیا داوا لە چین ده‌كات ببێته‌ نێوەندگیر
ئۆکرانیا داوا لە چین ده‌كات ببێته‌ نێوەندگیر

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، داوای لە چین کرد ببێته‌ نێوەندگیر بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان وڵاتەکەی و رووسیا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڤانگ یی،  وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی دمیترۆ کولێبا ئەنجامداوە.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، دمیترۆ کولێبا لە بارەی یەکەم گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا، زانیاری داوەتە ڤانگ یی، جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە گرنگترین ئامانجەکانی وڵاتەکەیەتی.

کولێبا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئۆکرانیا بەدڵسۆزییەوە دەڕوانێتە دانوستاندن لەگەڵ رووسیا، هەروەها حکوومەتی کیێڤ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بەهێز بکات و چاوەڕێیە حکوومەتی پەکین ببێتە نێوەندگیر لە دانوستانەکاندا.

لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی چین، ئەوەی خستووەتەڕوو، بەنیگەرانییەوە چاودێری رەوشی ئۆکرانیا دەکەن و دڵگرانن لە زەرەرمەندبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی پێکدادانەکانەوە، چین داوا لە لایەنەکان دەکات لە رێی دانوستانەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتیانه‌ دەکات کە دەبنە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی.

ڤانگ یی، روونیكرده‌وه‌، چین هەمیشە لایەنگری سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتان بووە و پێیوابووە پێویستە لە رێی فراوانکردنی پانتایی سەربازییەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی ئاسایش نەدرێت.