نیویۆرك تایمز: ئه‌گه‌ر پوتن وڵاتانی به‌ڵتیك داگیر بكات رۆژئاوا لێی دێته ده‌نگ
"ره‌نگه له لاوازی‌دا پوتن چه‌كی ناووكی به‌كار بهێنێت"
K24- هه‌ولێر:
هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا پێی ناوه‌ته رۆژی ده‌یه‌م، ئاستی كوشتن و بۆردوومانه‌كان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتانی جیهان بوونه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت شه‌ڕه‌كه درێژه بكێشێت.
له‌مباره‌یه‌وه نووسه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرای ده‌كات، ئه‌وانه‌ی له ئۆكرانیا له پێناو وڵاته‌كه‌یان ده‌كوژرێن، چه‌كی ته‌واویان بۆ شه‌ڕكردن لا هه‌یه، خه‌تاباری سه‌ره‌كی ئه‌و جه‌نگه ڤلادیمێر پوتنه، ده‌یه‌وێت ئۆكرانیا داگیر بكات.
تۆماس فریدمان، نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی به ره‌چه‌ڵه‌ك هیندی بۆ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز رایگه‌یاند، ره‌نگه پوتن له‌كاتی لاوازبوونی چه‌كی ناووكی به‌كار بهێنێت.
فریدمان راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پوتن له‌وه سه‌ربكه‌وێت بوكه‌ڵه‌یه‌ك وه‌ك سه‌رۆك له ئۆكرانیا ده‌ستنیشان بكات، بێگومان تا هه‌تایه له‌و وڵاته ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره گوتی: "پوتن یان زوو یان دره‌نگ ده‌یدۆڕێنێ".
لولو گارسیا، خانمه رۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكایی به نیویۆرك تایمزی گوت: "پوتن ده‌یه‌وێت یان سزاكانی ئه‌وروپا تێپه‌ڕێنێ، یاخوود بهرگریییهكانی سوپای ئۆكرانی ببه‌زێنێ.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رووس دووساس، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ناوبردنی ئه‌و جه‌نگه به شه‌ڕی جیهانی سێیه‌م هه‌ڵه‌یه، چونكه شه‌ڕی سارد گه‌وره‌ترین شه‌ڕی جیهانی بوو.
دووساس راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر پوتن هێرش بكاته سه‌ر وڵاتانی به‌ڵتیك داگیری بكات، وڵاتانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا بێگومان به‌رگری ده‌كه‌ن و دێنه ناو شه‌ڕه‌كه، تا ئه‌و كات پوتن به ئاگا دێته‌وه.