بەهۆی دوو چەکداری نەناسراوەوە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا دادەخرێت

لەکاتی گەیشتنی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دوو چەکدارەکە خاڵی پشکنیان تێپەڕاندووە

بنکەی سەربازی ئاندریوس
بنکەی سەربازی ئاندریوس

K24 - هەولێر:

فڕۆکەی کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازی ئاندرو نیشتەوە و لەو کاتەدا دوو چەکداری نەناسراو بە خاڵێکی پشکنینی بنکە سەربازیەکەدا تێپەڕین و بەهۆیە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 کاتژمێر دەروازەی سەرەکی بنکە سەربازیەکە بە داخراوی مایەوە.

پەیجی فەرمی بنکە سەربازیەکە لە فەیسبووک رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە (6ـی ئازار/مارسی 2022) دوو چەکدار خاڵێکی پشکنینی بنکەی سەربازی "ئاندرویس"ـیان تێپەڕاندووە و دوای داخستنی بنکە سەربازیەکە، یەکێک لە چەکدارەکان دەستگیرکراوە و دەزگا ئەمنیەکان لە گەڕاندان بەدوای کەسی دووەمدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بنکە سەربازیەکە، دوو چەکدارەکە هەوڵیان داوە لە دەروازەی سەرەکی بنکە سەربازیەکەوە بچنە ژوورەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگە لە ئۆتۆمبێلەکەیان گیراوە و بەبێ تەقە کردن یەکێکیان دەستگیرکراوە.

بنکە سەربازیەکە راشیگەیاند، دووەم کەسی نەناسراو هێشتا دەستگیر نەکراوە، بۆ تەواوکردنی گەڕان و دۆزینەوە، دەروازەی سەرەکی بە داخراوی دەمێنێتەوە.

بنکەی سەربازی ئاندریوس ساڵی 1942 لە ویلایەتی ماریلاند بنیاتنراوە و ئێستا لە دەستی باڵی 316ـی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا دایە، رووبەری بنکەکە 18 کیلۆمەتر دووجایە و لە 0.51%ـی بنکەکە ئاوە و ئەوی دیکەی زەویە.

H.H