پێنتاگۆن ناردنی سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكیی بۆ ئه‌وروپا راگه‌یاند
ناتۆ له باڵی رۆژهه‌ڵات زیاتر له 130 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و پتر له 200 كه‌شتی جه‌نگیی له‌ناو ده‌ریا خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵا له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاند، لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی فه‌رمانی كردووه، 500 سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكی ره‌وانه‌ی ئه‌وروپا بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له باڵی رۆژهه‌ڵاتی هاوپه‌یمانی ناتۆ.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی حوڕه، ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه ئاماژه به ناسنامه‌كه‌ی نه‌كراوه، ئاشكرایكرد، ئۆكرانیا هێشتا توانا ئاسمانییه‌كانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی رووسیا له‌ده‌ستنه‌داوه و تا ئێستاش ئاسمانی ئۆكرانیا فه‌زایه‌كی ناكۆكی له‌سه‌ره.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، ته‌واوی ئه‌و توانا جه‌نگییانه‌ی رووسیا له‌سه‌ر سنووره‌كان كۆیكردبوونه‌وه، ئێستا هه‌موویان له‌ناو خاكی ئۆكرانیان.
به‌ر له ده‌ستپێكردنی هێرشی فراوان بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له 24ی مانگی رابردوو، رووسیا 130 هه‌زار سه‌ربازی به ته‌واوی چه‌ك و پێداویستییه‌وه له‌سه‌ر سنووری ئۆكرانیا كۆكردبووه‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ی پێنتاگۆن گوتی: وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌و باوه‌ڕه‌دا نییه له‌م قۆناغه‌دا رووسیا هێزی زیاتری سه‌ربازیی له شوێنه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی بگوازێته‌وه ناو خاكی ئۆكرانیا، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین رووسیا هه‌وڵ ده‌دات چه‌كداری بیانی ناونووس بكات بۆ به‌شداریپێكردن له شه‌ڕی ئۆكرانیا، به‌تایبه‌ت هه‌ڵگرانی ره‌گه‌زنامه‌ی سووری، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانم مه‌زه‌نده‌ی ژماره‌یان و ئاستی ئاماده‌یی ئه‌و چه‌كدارانه بۆ شه‌ڕ بكه‌م".
به‌رپرسه باڵاكه‌ی پێنتاگۆن ئاشكراشیكرد، "له سه‌ره‌تای هێرشی رووسیا تا ئێستا زیاتر له 625 مووشه‌كی كورتمه‌ودا و ناوه‌ندیی بالیستی و زه‌مین به ئاسمان و كروز له‌لایه‌ن مۆسكۆوه له‌و جه‌نگه‌دا ته‌قێندراونه‌ته‌وه".
گوتیشی: "گفتوگۆ له‌باره‌ی بژارده‌كانی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین، كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیان بۆ ئۆكرانیا ده‌نێرن".
رۆژی یه‌كشه‌ممه، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕ ده‌كاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا بگاته رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر پێدانی فڕۆكه‌ی جه‌نگی به ئۆكرانیا و له به‌رامبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا له داهاتوودا پۆڵه‌ندا به فڕۆكه‌ی ئێف-16 قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه.
راپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان پۆڵه‌ندا و ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌سه‌ر پێدانی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی مێگ-29 به ئۆكرانیا ده‌كاته‌وه، كه مێژووه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌می سۆڤیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و فڕۆكه‌وانانی ئۆكرانی شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره فڕۆكانه هه‌یه.
بۆ یه‌كه‌م جاره هاوپه‌یمانی ناتۆ هێزه به‌رگرییه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا به‌هێزتر كردووه، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌زاران سه‌ربازی خۆی ره‌وانه‌ی باڵی رۆژهه‌ڵاتی هاوپه‌یمانێتییه‌كه كردووه و زیاتر له 130 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و پتر له 200 كه‌شتیی جه‌نگی له ده‌ریا خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی.
بۆ بینینی نوێترین ڤیدیۆی شه‌ڕی ئۆكرانیا جۆیینی كه‌ناڵی كوردستان24 له تێلیگرام بكه
H.B