فیفا بڕیاری نوێی له‌ باره‌ی ئۆكراینا و رووسیا ده‌ركرد

كاردانه‌وه‌ وه‌رزشییه‌كان بۆ پشتگیریكردنی ئۆكراینا
كاردانه‌وه‌ وه‌رزشییه‌كان بۆ پشتگیریكردنی ئۆكراینا

یانەکان و هاندەرانی پرێمەرلیگ بەردەوامن لە پاڵپشتیان بۆ ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی هێرشەکانی رووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامن و فیفا بڕیاریداوە یارییەکەی ئۆکرانیا و سکۆتلاند لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال دوابخات و لە هەمان کاتدا یاریزانان و راهێنەرانی بیانی لە رووسیا سەرپشک کران لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان.

لێکەوتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر وەرزشی جیهان و ئەوروپا بە تایبەت تۆپی پێ بەردەوامە و یانە و هاندەرانی پرێمەرلیگ جارێکی دیکە پاڵپشتی و هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی جەنگ دەردەبڕن.

بەر لە یارییەکەی تۆتێنهام و ئێڤەرتۆن لە پرێمەرلیگ یاریزانان و هاندەران لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکرانیا لە یاریگا بۆ ماوەی خولەکێک وەستان و داوای راگیرانی هێرشەکانیان کرد و چەپڵەیان بۆ ئاشتی لێدا.

لەلایەکی دیکەوە بڕیاربوو کە یاریی نێوان ئۆکرانیا و سکۆتلاند لەمیانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022 لە 24ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکرانیا داوای دواخستنی ئەو یارییەکەی کرد و بەپێی رادیۆی بی بی سی بەریتانی فیفا رازی بووە بە داواکەی ئۆکرانیا و بڕیاریانداوە ئەم یارییە دوابخەن.

بی بی سی هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئەگەر فیفا بە فەرمی بڕیار لەسەر دواخستنی ئەم یارییە بدات ئەوا پاشکۆی پاڵاوتنەکانیش دوادەکەوێت.

لێکەوتەکانی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر دەبن و فیفاش بڕیارێکی دیکە لە بەرژەوەندی یاریزان و راهێنەرە پێشەگەرەکان دەدات کە لە رووسیا کار دەکەن.

فیفا رێگە بەو یاریزانە راهێنەرە بیانییە دەدات کە لە رووسیان دەتوانن یەکلایەنە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان هەڵوەشێننەوە ئەگەر لەگەڵ یانەکانیان چارەسەرێک نەدۆزنەوە.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاریشی داوە گرێبەستی یاریزانەکان و راهێنەرانی بیانی تاکو 30ـی یۆنیۆی داهاتوو بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و تا ئەو کاتە دەتوانن گرێبەستەکانیان هەڵوەشێننەوە، سەرەڕای ئەوەی بازاڕی گواستنەوەکانیش داخراوە، بەڵام دەتوانن تاکو حەوتی مانگی داهاتوو پەیوەندی بە هەر یانەیەک بکەن لە دەرەوەی رووسیایە.

لەلایەن خۆیەوە فێدراسیۆنی تۆپی پێی رووسیا بە فەرمی رایگەیاند لە دادگای وەرزشیی جیهانی تانە لە بڕیاری فیفا و یوێفا بدات بە هۆی دوورخرانەوەی رووسیا لە مۆندیال و بێبەشکردنی یانەکانی رووسیا لە بەشداریکردن لە پاڵەوانییەتیە نێودەوڵەتییەکان.