گومرگی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین هەڵسەنگاندن بۆ هاوردە و هەناردە دەکەن
تاوتوێی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی نێوان هەولێر و ورمێ دەکەن
K24 – هەولێر
شاندێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین لەبارەی هاوردە و هەناردەی نێوان هەردوولا و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و ورمێ کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، شاندێکی دەروازەی حاجی ئۆمەران، سەردانی دەروازەی تەمەرچینیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵسەنگاندیان بۆ بارودۆخی کاروباری بازرگانی، هاوردە و هەناردە کردنی کەرەستە و کاڵاکان، خێرایی راپەڕاندنی کارەکان، بابەتی کوالێتی و کرداری گواستنەوە، هەروەها کاروباری گەشتیاری و هاتن و چوونی هاووڵاتییان و گەشتیاران و ئاسانکاری پێویست لە هەر دوو لایەن بە تایبەتی لە رۆژانی جەژنی نەورۆز کردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و تەمەرچین، تایبەت بووە بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی نێوان هەدوو پارێزگای هەولێر و ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران (ورمێ) ئەوانەی پەیوەستن بە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین لە رووی بازرگانی و گەشتیارییەوە، بۆ دانانی رێکار و میکانیزمێکی گونجاو و نەهێشتنی ئاستەنگ و کۆسپەکانی بەردەم جووڵە و جموجولی بازرگانی.
شاندێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەو کۆبوونەوەیەدا پێکهاتبوون لە مسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازە و جەوهەر مەحموود، بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران و هێمن مستەفا بەرپرسی هۆبەی گومرگ و دەرسیم تەحسین، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەروازە، شاندی مەرزی تەمەرچین لە ئیرەج ئازادی، سەرپەرشتیاری پایانەی تەمەرچین و ئاغای محەمەدی، بەڕێوەبەری گومرگی تەمەرچین پێکهاتبوو.