لە قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێردا ملیۆنێک و 800 هەزار دار زەیتوون دەچێنرێن
بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، لە قۆناخ و زۆنی دووەمی پرۆژەی پشتێنەی سەوزاییدا بڕیارە ملیۆنێک و 800 هەزار دار زەیتوون بچێنرێن، سەرجەم دارەکانیش لە جۆری یۆنانین و لە یۆنانەوە دەهێنرێن.
پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، کاروان مێسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، لەبارەی وردەکاریی شێواز و کاتی چاندنی دار زەیتوونەکان گوتی: ئەو ژمارە دار زەیتوونە هەموویان بەیەکەوە و لە یەک کاتدا ناچێنرێن، بەڵکو بەهۆی پەیوەستبوون بە وەرزی چاندنەوە، بەش بەش و قۆناخ بە قۆناخ دەچێنرێن. روونیکردەوە، تەمەنی ئەو نەمامانەی دەهێنرێن یەک ساڵە، و ماوەی سێ ساڵیان پێویست دەبێت تاوەکو زەیتوون بگرن و بەرهەمیان هەبێت.
سەبارەت بە دروستکردنی کارگەی زەیتی زەیتوون لە نێو پشتێنەی سەوزاییدا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر رایگەیاند، پرۆژەی کارگەکە ئێستا لە قۆناخی پلانداناندایە و هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتی دەستپێکردنی نەدراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا بڕیار لەبارەی کاتی دانانی کارگەکە، توانای بەرهەمهێنان و وردەکارییەکانی دیکەیەوە بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا کاروان مێسکی باسی لە رەخساندنی هەلی کار کردووە و ئەوەی خستووەتە روو کە ئێستا و لە چوارچێوەی کارکردن لە هەردوو قۆناخەکەی پرۆژەکەدا، هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و کرێکارانی ناوخۆیی رەخسێندراوە و لەگەڵ دامەزراندنی کارگەی زەیتی زەیتوونەکەشدا هەلی کاری دیکە دەڕەخسێنرێت.
قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، 11 هەزار دۆنم زەوی لەخۆدەگرێت و لە گوندی گەزەنە (رێگەی سەرەکی هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) دەستپێدەکات، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار داری زەیتوونی تیادا بچێندرێت، بەگوێرەی پلان و بەرنامەی کارکردن لەم قۆناخە لە 10%ـی کارەکان لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەدا لەسەر رووبەری 4,200 دۆنم زەوی بە 700 هەزار نەمام داچێندراوە.
رووبەری گشتی پرۆژەکەش 78 کیلۆمەترە کە بە دەوری هەولێردا دروست دەکرێت و کۆی گشتی ئەو نەمام و دارانەشی داچێندرێن 7 ملیۆن داری ( زەیتوون، فستق و پرتەقاڵ ) لەخۆدەگرێت کە بۆ رێگریکردن لە تۆز و خۆڵ و پاککردنەوەی هەوای شارەکە سوودی گەورەی دەبێت، هاوکات ئەم پرۆژە ستراتیجییە ساڵانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نزیکەی 210 هەزار تۆن گازی زیانبەخش، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی هەوایەکی تەندروست بۆ دانیشتووانی پایتەخت دەبێت.