"وێستگەی ئه‌تۆمی چێرنۆبڵ ره‌نگه كاره‌ساتێكی مرۆیی بنێته‌وه"
داوا ده‌كرێت تیمێكی خزمەتگوزاری رەوانەی ئه‌و وێستگه‌یه بكرێت

K24 – هه‌ولێر:
جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، داوا لە سوپای رووسیا دەكات رێگەیان پێ بدەن بۆ ئەوەی تیمێكی خزمەتگوزاری رەوانەی ھێڵی كارەبای وێستگەی ئه‌تۆمی چێرنۆبڵ و بۆرییەکی گاز لە باشووری ئۆكرانیا بكه‌ن، کە بەھۆیەوە سیستمی گەرمای ھەموو شارەكانی ئه‌و وڵاته پەكی كەوتووە.
ئیرینا ڤێرشچوک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا رایگه‌یاند، "یەكێك لە ھێڵە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا لە وێستگەی ئه‌تۆمی چێرنۆبڵ كە لەلایەن ھێزەكانی رووسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەكاركەوتووە و بەھۆیەوە ناوەندەكانی وزە کارەبای پێویستیان پێناگات".
جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا راشیگه‌یاند، "داوا دەكەین ھەرچی زووە رێگە بە تیمەكانی خزمەتگوزاری بدرێت بگەنە ناوچەكە بۆ چاككردنەوەی ئەو ھێڵەی زیانی بەركەوتووە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بە گرنگییەوە لەم كێشەیە بڕوانن".
زیاتر لە 500 ھەزار كەس لە ماروۆپۆڵ و بەگشتی ھەرێمی دۆنێتسك به‌تایبه‌تی سیستمی گەرمیان لەكاركەوتووە و چارەسەر نەكردنی ئەو كێشەیە رێگه خۆش ده‌كات كارەساتێكی مرۆیی لێ بكەوێتەوە.
بۆیە جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئۆكرانیا داوا دەكات رێگە بە تیمەكان بدرێت تاوەكو ئەو بۆڕی گازەی زیانی بەركەوتووە چاك بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ دوو هه‌فته به‌سه‌ر هێرشه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیادا تێده‌په‌ڕێت، پتر له ملیۆنێك هاووڵاتی ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بوون، جگه له‌وه‌ش به هه‌زاران سه‌ربازی هه‌ردوولا به‌هۆی شه‌ڕه‌وه كوژراون و جه‌نگیش به‌رده‌وامه.