لە باکووری کوردستان رێگای 911 ناوچەی نیشتەجێبوون داخران
بەفربارین ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست کردووە
K24 - هەولێر:
لە شارەکانی وان، بەدلیس، هەکاری و مووش بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەواوە، رێگای 911 ناوچەی نیشتەجێبوون بەڕووی هاتوچۆدا داخران.
لەو بارەیەوە شارەوانی وان رایگەیاند، بەهۆی بەفرەوە رێگای 272 ناوچەی نیشتەجێبوونی سەربە پارێزگاکە گیراون.
بەهەمان شێوە لە پارێزگاکانی هەکاری، 181، بەدلیس 198 و مووش 159 ناوچە رێگاکانیان بەڕووی هاتوچۆدا داخراون.
تیمەکانی شارەوانیش، بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگاکان.
لەلایەکی دیکەوە بەهۆی خراپی کەش و هەواوە، ئەمڕۆ شەممە 12ـی ئاداری 2022، هێڵی ئاسمانی تورکیا 407 گەشتی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوە.
سەرچاوە: AA