زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی ئەفسەرێک لە سلێمانی
سێ کەسی دیکە برینداربوون
K24 - سلێمانی
شەوی رابردوو لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، لەبەردەم یانەیەکی شەوانەدا بەھۆی رووداوێکی تەقەکردن ئەفسەرێکی باڵای پێشمەرگە کوژرا و چوار کەسی دیکە برینداربوون، کە بریندارەکانیش پلە سەربازییان ھەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە یانەکی خواردنەوەدا شەڕەتەقە لەنێوان چەند بەرپرسێکی یەکەکانی 70 و کارمەندانی سیکویریتی یانە شەوانەکە روویدا، بەو ھۆیەوە ئەفسەرێکی پێشمەرگە بە پلەی نەقیب کوژرا و سێ ئەفسەری دیکەش بریندار بوون".
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە: "رووداوی تەقەکردنەکە لە یانەیەکی شەوانە بەناوی ( دار الخشب) بووە و ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە کە لە شەڕە تەقە کوژراوە ناوی (ھ.ئ.ج)ـە".
ھەر بەپێی زانیارییەکان "ئەو کارمەندەی سکویریتی یانە شەوانەکە، دوای ئەوەی تەقەی لە ئەفسەرەکان کردووە ھەڵھاتووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، ھەروەھا ھاردی کامێرای چاودێری یانە شەوانەکە و ئەو ھۆتێلانەی کە نزیکن لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بەسەرداگرتووە".