وردەکاری لەبارەی ئەو خانەنشینەی لە رۆژی دابەشکردنی مووچە لە سۆران گیانی لەدەستدا
دەنگۆی هەندێک پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان رەتدەکرێتەوە
K24 – هەولێر
هاووڵاتییەک لە رۆژی یەکشەممە 20/3/2022، لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینی لە سۆران گیانی لەدەستدا، دەنگۆی هەندێک پەیج و ئەکاونت لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانی رەتدەکرێتەوە و زانیاری دروست دەخرێتەڕوو.
فرسەت سەلیم، بەڕێوەبەری نووسینگەی دیانا/ بانکی ئازادی لە سۆران، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە بە ناوی ئەحمەد عەزیز، لە دایکبووی 1964، پێشمەرگەی خانەنشین بوو، راستە لە رۆژی وەرگرتنی مووچە گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوە راست نییە کە دەگوترێت "بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغی بووە"، سەر لەبەری ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە".
گوتیشی: "ئەو هاووڵاتییە وەک سەرجەم مووچەخۆرانی تر بۆ وەرگرتنی مووچەکەی سەردانی بانکی کردووە، چاوەڕوان بووە نۆرەی بگات، بەڵام ھیچ پاڵەپەستۆیەک نەبووە، بەڵکو دانیشتبووە و چاوەرێی دەکرد، براکەی خۆی ئاگادار کردووەتەوە باری تەندروستی تێکچووە، دواتر دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە".
ئەمە دوای ئەوە دێت، لە چەند پەیج و ئەکاونتێک بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسە "بەهۆی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەوە گیانی لەدەستداوە"، بەڕێوەبەری نووسینگەی دیانای بانکی ئازادیش ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە ناڕاست لە قەڵەم دەدات.