پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان واژۆ دەکرێت

ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت

پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان واژۆ بکرێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، ئێوارەی رۆژی سێشەمە 2022/3/29، لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ریڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنە و به‌ به‌شداریی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنەکە، به‌ ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر واژۆكردنی پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.

ئاماژە بەوەکراوە، لیژنەکە بڕیاری دا بەپێی بڕگەی پێنجەم لە مادەی 78ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەی یاسایی ئەندامان، پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان واژۆ بکرێت و ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ بكرێت.

Fly Erbil Advertisment