عێراق کورهێنانی دارایی بە سەپاندنی باج و رسوماتی نوێ پڕدەکاتەوە

عێراق لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا بەرەو فراوانکردنی بازنەی باج و رسوومات هەنگاو دەنێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی و کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، کە بە نزیکەی 43 تریلیۆن دینار (نزیکەی 32.8 ملیار دۆلاری ئەمریکی) خەمڵێنراوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی ئەو بڕیارە پێشنیازکراوانە لەسەر نرخی کەلوپەل، خزمەتگوزارییەکان و توانای کڕینی هاووڵاتییان روویان لە زیادبوون کردووە.

پێشنیازەکان سەپاندنی باج و رسوومات بەسەر خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی، ئینتەرنێت و گەشتکردن لەخۆدەگرن، لەگەڵ فراوانکردنی کۆکردنەوەی داهات لە چەندین کەرتی بازرگانی و خزمەتگوزاریدا، بەوپێیەی حکوومەت بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆری خەرجییە گشتییەکان هێشتا بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.

بەپێی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە، رێوشوێنە پێشنیازکراوەکان بریتین لە سەپاندنی باجی فرۆشتن بە رێژەی 7%ـی بەسەر خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت، هەروەها رسوومێکی 25 هەزار دیناری بۆ بلیتی گەشتی دەرەکی، لەگەڵ رسووماتی دیکە لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکاندا.

هاوکات بازنەی باجە نوێیەکان چێشتخانە، هۆتێل، خزمەتگوزارییە پزیشکییە تایبەتەکان، ریکلامی دیجیتاڵی و هەندێک چالاکیی بازرگانیش دەگرێتەوە.

پڕۆژەی بودجەکە ئامانجیەتی نزیکەی 29.5 تریلیۆن دینار داهاتی نانەوتی بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەر خەرجییە گشتییەکان کە بە نزیکەی 217 تریلیۆن دینار خەمڵێنراون. ئەمەش توانای رێوشوێنە باجییە نوێیەکان بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئابووریی قورس، بەتایبەت لە سایەی هۆشدارییەکان لەبارەی زیادبوونی بارگرانی لەسەر بازاڕ و بەکاربەران.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی داهاتی باج و گومرگ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت کردەوە، روونیکردەوە، عێراق خاوەنی چالاکیی ئابووریی بەرفراوانە کە پێویستە سەرچاوەی دارایی زیاتر بۆ گەنجینەی گشتی دابین بکەن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لاوازیی میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات و بەردەوامیی بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان، رێگرن لەوەی سوودی تەواو لە چالاکییە ئابوورییەکان وەربگیرێت.

جەمال کۆچەر هۆشداریدا، نابێت چارەسەرکردنی گوشارە داراییەکان لەسەر بنەمای زیادکردنی باج و سەپاندنی بارگرانیی زیاتر بەسەر هاووڵاتییاندا بێت، بەتایبەت لە سایەی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان. پێویستە جەخت لەسەر باشترکردنی کۆکردنەوەی داهات، کاراکردنی یاساکان و گەڕاندنەوەی سەرچاوە بەفیڕۆدراوەکان بکرێتەوە، هاوکات دڵنیایی بدرێت لەوەی سەرجەم داهاتەکان لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدان.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، هەندێک سەرچاوەی باج و گومرگ بەهۆی گەندەڵی و لاوازیی چاودێرییەوە ناگەنە گەنجینەی گشتی، ئەوەش پێویستی بە رێوشوێنی رژدی حکوومەتە بۆ کۆنترۆڵکردنی داهات و رێگریکردن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختیشی لە گرنگیی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگ بەپێی پۆلێنکردن و بەهای کەلوپەلەکان کردەوە، بە شێوازێک کە داهات بۆ دەوڵەت مسۆگەر بکات و بەشداری لە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆشدا بکات، بەبێ ئەوەی بارگرانیی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دروست بکات.

لەلایەکی دیکەوە، رەشید سەعدی، گوتەبێژی ژووری بازرگانیی بەغدا بە "عەرەبی جەدید"ـی گوت: سەپاندنی باج و رسوومات بەسەر چالاکییە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکاندا، گوشارەکانی سەر بازاڕەکانی عێراق لە سایەی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن، گواستنەوە و کارکردندا دوو هێندە دەکات.

رەشید سەعدی باسی لەوەش کرد، بازرگانان خاوەنی پابەندیی باجی و گومرگیی جۆراوجۆرن کە کاریگەرییان لەسەر نرخی کەلوپەل و توانای کێبڕکێی بازاڕەکان هەیە، لە کاتێکدا ئەو ئەمانەتە باجییانەی لەسەر هاوردەکاران سەپێنراون 3%ـیە، هاوکات رسووماتی گومرگیش بەپێی جۆری کەلوپەلەکان دەگۆڕێت و لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە 30% یان 40%.

ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی روونیکردەوە، مەرجی پێدانی باج و رسوومات پێش وەرگرتنی کاڵاکان، دەبێتە هۆی سڕکردنی بەشێک لە نەختینەی بازرگانان و بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن.

رەشید سەعدی گوتیشی: فراوانکردنی کۆکردنەوەی داهات بەبێ رەچاوکردنی بارودۆخی ئابووری، رەنگە بازرگانان ناچار بکات نرخەکان بەرز بکەنەوە یان قەبارەی هاوردەکردن کەم بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەی جموجۆڵی بازاڕ و زیانگەیشتن بە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان.

هەروەها جەختی کردەوە، کەرتی بازرگانی دژی رێکخستنی باج و وەرگرتنی شایستەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو داوای پێداچوونەوە بە رێژەی رسوومات و میکانیزمەکانی وەرگرتنیان دەکەن. پێویستە نوێنەری بازرگانان لە تاوتوێکردنی هەر رێوشوێنێکی نوێدا بەشدار بن، تاوەکو داهاتی حکوومەت بەبێ زیانگەیاندن بە چالاکیی بازرگانی یان دروستکردنی بارگرانی لەسەر بەکاربەر زیاد بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەلاح عوبێدی، شارەزای بواری ئابووری روونیکردەوە، فراوانکردنی باج و رسوومات هەوڵێکە بۆ زیادکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڵام بەدیهێنانی داهاتی نانەوتیی ئامانجکراو کە نزیکەی 29.5 تریلیۆن دینارە و نزیکەی دوو هێندەی داهاتی نانەوتیی ساڵی 2025ـە، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە.

سەلاح عوبێدی ئاماژەی بەوەش دا، بەدەستهێنانی ئەو داهاتە تەنیا بە سەپاندنی باج و رسووماتی نوێ مسۆگەر ناکرێت، بەڵکو داهاتی راستەقینە بەستراوەتەوە بە قەبارەی مامەڵەکان، پابەندبوون بە پێدان و کارایی لە وەرگرتنی باجدا، هۆشداریدا لە زیادەڕۆیی لە مەزەندەکردنی داهاتەکان بەبێ توێژینەوەی بنەمای باج بۆ هەر کەرتێک.

ئەو شارەزایە ئابوورییە باسی لەوەش کرد، سەپاندنی باج لەسەر پەیوەندی، ئینتەرنێت، گەشتکردن و خزمەتگوزارییەکان دەکرێت سەرچاوەی زیاتر دابین بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخەکان بەرز دەکاتەوە و خواست کەم دەکاتەوە، ئەوەش داهاتی چاوەڕوانکراو سنووردار دەکات.

جەختیشی کردەوە، پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کە نزیکەی 43 تریلیۆن دینارە، پێویستی بە سەرچاوەی بەردەوامتر هەیە نەک تەنیا کۆکردنەوەی کاتیی داهات.

بە گوتەی سەلاح عوبێدی، مەترسییەکان بێهاوسەنگیی نێوان ئەو کەرتانەش دەگرێتەوە کە باجیان لەسەرە، چونکە پڕۆژە تۆمارکراوەکان بارگرانیی زیاتریان دەکەوێتە سەر، لە کاتێکدا چالاکییە نافەرمییەکان لە دەرەوەی بازنەی باج بەردەوام دەبن. ئەمەش کێبڕکێی دادپەروەرانە لاواز دەکات و بازرگانان هاندەدات بەرەو ئابووریی نافەرمی هەنگاو بنێن.

راشیگەیاند، گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی رەنگە بەشێک لە داهاتەکان بەهەدەر بدات، بۆیە پێویستە یاساکان بەسەر سەرجەم باجدەراندا جێبەجێ بکرێن، لێپرسینەوە لە خۆدزینەوە لە باج بکرێت و سیستمە ئەلیکترۆنییەکان پەرەیان پێ بدرێت، تا دڵنیایی بدرێت لەوەی پارە کۆکراوەکان راستەوخۆ دەگەنە گەنجینەی گشتی.