"سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا ههن"
"لەسنوورى پارێزگاى هەولێر 1000 منداڵى ئۆتیزم هەن"
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ شهممه (2ـی نیسان / ئهپرێل 2022) له رێورەسمى رۆژى جیهانى ئۆتیزمدا، پارێزگاری ههولێر رایگهیاند، "بەمنزیکانە بەردى بناغەی سەنتەرێک بۆ منداڵانی ئۆتیزم دادهنێین".
لە گوتارێکدا بهبۆنهی رۆژی جیهانی ئۆتیزم ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر رایگهیاند، بەگوێرهی ئهو ئامارهی لە بەردەستدایه، لەسنوورى پارێزگاى هەولێر 1000منداڵى ئۆتیزم هەن.
پارێزگاری ههولێر گوتی: "13 سەنتەرى چارەسەری ئۆتیزم ههن، کە 12 سەنتەریان ناحکومین و بەشێکى زۆریش لەو منداڵانە سوود لەو سنتەرانە وەردەگرن".
پارێزگاری ههولێر گوتیشی: "بەداخەوە ئەو منداڵانەى تەمەنیان لەسەرووى 12 ساڵیدایە ناتوانن سود لەو سەنتەرانە وەربگرن، ئەوەش بارقوورسى و ئازارى ئەو خێزان و دایک و باوکانەی زیاتر کردووە کە ئێمە لە ئازار و ماندووبوونى ئەوان دەگەین چەند زەحمەتە ئەرکیان".
ههروهها پارێزگاری ههولێر ئاماژهی بهوه كرد، "بەمنزیکانە بەردى بناغەى پڕۆژەى سەنتەرێک بۆ ئەو منداڵانە و منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت دادەنێین، هەروەها ئەو منداڵانەش کە بێ سەرپەرشتن و جگە لە چارەسەر و سود وەرگرتن لەم سەنتەرە شوێنى حەوانەوەشیان بۆ دابین دهكرێت".
لهلایهكی دیكهوه کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، تیشکی خستەسەر کێشە و گرفتەکان و رایگەیاند "ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی رۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم دەکەینەوە کە هێشتا رەوشی تووشبووانی ئۆتیزم و خێزانەکانییان لەوپەڕی خراپییدایە".
ههروهها جهباری راشیگهیاند، رۆژ لەدوای رۆژیش بەهۆی زیادبوونی رێژەی تووشبووان بە ئۆتیزم و نەبوونی سەنتەری پێویست، رەوشەکە بەرەو خراپتر دهچێت.
کەمال جەباری گوتیشی: "بە گوێرهی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەکەمان، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دا بوونییان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی هەزار حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، 900 حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، 750 حاڵەت لە پارێزگای دهۆک و لە پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی 400 حاڵەت بوونی هەیە.