لێدوانێكی مه‌سروور بارزانی ئه‌مه‌ریكای هێنایه ده‌نگ
K24 - هه‌ولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر لێدوانێکی مەسروور بارزانی لەبارەی دابەشبوونی عێراق قسەی کرد و رایگەیاند، دژی ئیرادەی هیچ گەلێک ناوەستنەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگه‌یاند، واشنتۆن ئێستا پشتگیری لە عێراقێکی یەکگرتوو و فیدڕاڵ دەکات و جەختیشیکردەوە کە سیاسەتی ئەمریکا لەسەر یەکگرتوویی عێراق روون و ئاشکرایە.
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی و لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی دیمانەكەی مەسروور بارزانی, راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستاندا ھات، كە تێیدا باسی لە دابەشكردنی عێراق بۆ سەر سێ ھەرێم یان دەوڵەتی جیا كردبوو.
كێربی گوتی: "ئەمریكا دژی مافه‌كانی ھیچ كەسێك ناوەستێتەوە، بەڵام ھەوڵی پشتگیری هێشتنه‌وه‌ی عێراقێكی بەیەكگرتوو دەدەن، ئامانجیش لەوە زاڵبوونە بەسەر ئاستەنگە ئاساییشی و ئابووریی و سیاسییەكان، كە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت".
مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، رایگه‌یاند، پێویسته دوای داعش، عێراق به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له كورد، سووننه و شیعه‌دا دابه‌ش بكرێت و بكرێته سێ هه‌رێمی جیاواز.
هه‌رچه‌نده جۆزیف بایدن, جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، نزیكه‌ی هه‌شت ساڵ به‌ر له ئێستا و له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا، پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عێراقی بۆ سێ هه‌رێم ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام ئێستا واشنتۆن جه‌خت له یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌كاته‌وه.