بەهۆی خۆڵبارین چەندین کەس گەیەندرانە نەخۆشخانەکان

بۆ خۆپارێزی لە خۆڵبارین پزیشکان رێنمایی هاووڵاتییان دەکەن

یەکێک لەو کەسانەی بەهۆی خۆڵبارین گەیەندراوەتە نەخۆشخانە
یەکێک لەو کەسانەی بەهۆی خۆڵبارین گەیەندراوەتە نەخۆشخانە

K24 - هەولێر

بە کاریگەری خۆڵبارین و تێکچوونی رەوشی تەندروستیان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، سەدان ھاووڵاتی سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەو کەسانەی گرفتی کۆئەندامی ھەناسەدان و ھەستیاریان ھەیە یان تازە لە کۆرۆنا چاک بوونەتەوە، خۆڵبارینەکە دۆخی خراپتر كردوون. پزیشکانیش دەڵێن تا تێپەرینی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە باشترە ھاووڵاتییان لەماڵ بمێننەوە یان ماسک ببەستن.

د. فەرەیدون ئیبراهیم، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان سنگ بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەم کەشوهەوایەدا دەبێ هەموو کەس ئاگاداری تەندروستی خۆی بێت، ئەگەر زۆر پێویست نەبێ نەچیتە دەرەوە و لە ماڵەوە بمێنیتەوە و دەرگا و پەنجەرە دابخەیت، ئەگەر چویتە دەرەوەش ماسک ببەستی، باشترە دوای بەربانگ شلەمەنین و ئاوی زیاتر بخۆنەوە و سەوزە بخۆن، ئەوانەی هەستیاریشیان هەیە دەبێ بە رێنمایی پزیشکی پسپۆر دەرمان بخۆن".

زەینەب نەسرەدین، ماوەی 9 ساڵە نەخۆشی رەبۆی ھەیە و بە کاریگەری خۆڵبارین، لە بەشی فریاکەوتن خراوەتە ژێر ئۆکسجین و چاودێری پزیشکی، ئەگەرچی وەکخۆی دەڵێ زۆریش خۆی پاراستووە و ھەوڵیداوە بۆ خۆپارێزی لە ژووەوە بمێنێتەوە، بەڵام چڕی خۆڵبارینەکە تەندروستی پەرێشان کردووە.

دەشڵێت: "کاتێک دەبێتە خۆڵبارین لەکاتی خەوتنیش ماسک دەبەستم و نایەمە دەرەوە، لەکاتی خۆڵبارین دۆخم تێکچوو لە نەخۆشخانە چارەسەرم بۆ کراوە".

بەهۆی شەپۆلی چڕی خۆڵبارین لە سنووری شاری هەولێر، 222 هاووڵاتی بە مەبەستی چارەسەری بۆ كێشەی هه‌ناسه‌ته‌نگی سەردانی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنیان كردووە، وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمی كوردستان رێنمایی هاووڵاتیان دەکات، کە لەکاتی خۆڵبارین ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت؛ نەچنە دەرەوە، لە ئەگەری چوونە دەرەوەشیان ماسک ببەستن.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 7/4/2022ـەوە، شەپۆلێکی چری خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە، تائێستا کاریگەرییەکانی بەردەوامن