پەروەردەی سلێمانی: بەهۆی پابەندنەبوون بەدەوامەوە مامۆستایەک دوورخراوەتەوە
پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی: دانەر کەریم لەبەر بایکۆتکردن لە دەوام لانەبراوە
K24 - هەولێر:
پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری لابردنی مامۆستایەک بەناوی دانەر کەریم بەهۆی پابەند نەبوونیەتی بە دەوامی ئاساییەوە، نەک بایکۆت کردن، چونکە رۆژانی بایکۆتی بە نەهاتوو بۆ ئەژمار نەکراوە، بەڵام ئەو نزیکەی سێ مانگ دەوامی فەرمی هەبووە، بەڵام پابەند نەبووە بە دەوامەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێک لە مامۆستایان و چالاکوانانی سنوری پارێزگای سلێمانی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکیان بەڕێوەبرد، بۆئەوەی مامۆستا دانەر کەریم ئیسماعیل، کە لەسەر کار لابرابوو، بگەڕێتەوە بۆ دەوامەکەی.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکیدا، وەڵامی ئەو هەڵمەتەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دایەوە و رایگەیاندوە، مامۆستا دانەر کەریم لە باخچەی منداڵانی تەرزە 82 رۆژ کە دەوامی فەرمی هەبووە، بەڵام نەچووە بۆ دەوامەکەی.
پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، لەماوەی ئەو 82 رۆژەدا تەنها سێ رۆژ، مامۆستاکە چووە بۆ دەوام و رۆژانی بایکۆتکردنی دەوامی بۆ هەژمارنەکراوە بە نەهاتوو.
پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی باسی لەوەشکردوە کە "لەبەر بایکۆت مامۆستاکە لەکار لانەبراوە، بەڵکو لە دەوامی فەرمیدا پابەند نەبووە و دەوامی نەکردووە".
ئاماژە بەوەشدراوە، کە ئەو مامۆستایە بەگوێرەی یاسا لەکار لابراوە و پێشتریش لە ساڵی 2005 دا بەهۆی دابڕانی لە کارەکەی، دورخراوەتەوە لە کاتێکدا ئەو کاتە کێشەی مووچە و بایکۆت لەئارادا نەبووە، بەڵام لە ساڵی 2009 بە فەرمانی وەزاری 13308 لە بەرواری 15ی ئەیلولی 2009 دامەزراوەتەوە.