مەرگەساتی ئەنفال لە زاری شایەتحاڵێکی رزگاربووی کۆمەڵکوژییەکە
"دایکمم بینی کە چۆن گولـلەیەکیان لە سەریدا و سەرپۆشەکەی کەوت"
K24 - هەولێر:
کارەساتی ئەنفال کە لەڕێی کاربەدەستانی رژێمی بەعسەوە بە پرۆسەی جیاجیا ئەنجام درا، چیرۆکی لەناوبردنی گەلێك بەدەستی فەرمانڕەوایەکی دیکتاتۆر.
ئەوانەی لە ئەنفالدا بران بۆ نێو چاڵەکان، هەموویان مردن، بەشێکی زۆریشیان برانە دەستی مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بۆیە چیرۆکەکانی ئەنفال نەدەگەیشتە کەس، تا ئەو کاتەی کەسێک بەناوی تەیمور، دۆزرایەوە و تەواوی چیرۆکە مەرگەساتەکەی بۆ گشت دونیا ئاشکرا کرد.
تەیمور عەبدوڵڵا کە ناسراوە بە تەیموری ئەنفال رزگاربوویەکی پرۆسەی ئەنفالە، لە زاری خۆیەوە چیرۆکی مەرگەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە.
تەیمور وەک خۆی باس لە تەواوی پرۆسەی ئەنفال دەکات و تەواوی چیرۆکە مەرگەساتەکەی ئەو ماوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت''من ناوم تەیمور عبدوڵڵا ئەحمەدە لە دایکبووی 1ـی کانوونی دووەمی 1976ـم، لە گوندی هەوارە بەرزەی سەربە گەرمیان لەدایک بووم، خێزانەکەمان پێکهاتووە لە شەش کەس کە خۆم کوڕێکی تاقانەبووم و سێ خوشکم هەبوو، لەدوای لە دایکبوونی من چوینە گوندی کوڵەجۆ لەوێ دەستمان کرد بە ژیان و نیشتەجێ بووین، باوکم بە کاری جووتیارییەوە سەرقاڵ بوو".
تەیمور لەبارەی منداڵیی خۆی لەو سەردەمەدا دەڵێت ''منداڵیی ئێمە ناتەندروست بوو لەبەرئەوەی رژێمی بەعس بە شەو و رۆژ تۆپبارانی ناوچەکەی دەکرد، تەنانەت رەحمیشیان بە ئاژەڵەکانیش نەدەکرد، بۆیە ئێمە نەمان توانیوە ژیانێکی سادەش بژین، هەموو کات لەژێر تۆپبارانکردنا بووین، تەنانەت وامان لێ هاتبوو نەماندەتوانی لە ماڵەکانی خۆشماندا بژین لە شاخ و ئەشکەوتەکان دەژیان، لەبیرمە ئەو کاتە مامۆستاکانمان پێیان دەگوتین هەرکاتێک گوێتان لە دەنگی تەیارە بوو خۆتان لە پشتی دیوارەکان بشارنەوە هەتا هیچتان لێ نەیەت. منداڵی ئێمە بە دەنگی تەیارە، تۆپ و هاوەن بەسەرچوو''.
تەیمور بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی کارەساتەکە و چۆنیەتی دەستپێکردنی پرۆسەکە و دەڵێت ''ئەو رۆژەی کە ژیانمان وێران کرا لە بەیانیکی زووە گوێمان لە دەنگی تەیارە بوو تەواو خەڵکەکە شڵەژابوو، چونکە زانیاری هەبوو کە لە دوای ئەو کارەساتەی هەڵەبجە تەواوی گوندەکانی تریش وێران دەکرێن، خەڵکەکە لە ماڵی خۆیاندا پارچەیەک پەڕۆی سپییان هەڵواسیبوو بە مانای ئەوەی کە ئێمە هاووڵاتی سڤیلین و سەربە هیچ شتێک نین و تەسلیمین، دواتر هەمووان بەرەو لادێی ملە سوورە بەڕێکەوتن، خەڵکە سڤیلەکانیان کۆکردەوە بە ناوی ئەوەی کە جێگایەکی تازەتان بۆ دروست کراوە دەتان بەینە ئەوێ دواتر بەڕێکەوتین بۆ ناوچەی سموود دووبارە هەموو کۆکراینەوە، ئەوەی تراکتۆری خۆی هەبوایە بەوەی خۆی ئەڕۆی ئەوەشی نەیبوایە ئەوە حوکمەت بە ئیڤاکانی خۆیان دەیان برد هەموومانیان برد بۆ قۆرەتوو لەوێ لە سەربازگەیەکی حزبی بەعس دایانناین شوێنێک بوو کە زۆر پیس بوو هیچی لێ نەبوو کە بیخۆین خەڵکە کە بەوە ئەژیان کە خۆیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان، لەوێ بۆ ماوەی 10 رۆژ لەوێ ماینەوە، دواتر بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی و عەسکەری هەموومانیان برد بۆ تۆپزاوە لە کەرکووک".
- "دواجار کە باوکم بینی 15 دیناری خستە گیرفانمەوە و پێی گوتم ئاگات لە دایکم و منداڵەکان بێت، ئەوە دوایین دیدارمان بوو لەگەڵ باوکم"
تەیمور بە چاوێکی فرمێسکاویی بەڵام لەخۆبۆردووانە، باس لە دوایین دیداری خۆی و باوکی دەکات و دوایین گوتەی خۆی و باوکی بەمجۆرە باس دەکات ''لەوێ (تۆپزاوە) ژن و منداڵیان بە جیا دانا و پیاوەکانیشیان بە جیا دانا، لەوکاتەدا توانیم لەگەڵ باوکما قسە بکەم، پێی گوتم کە ئیتر دەبێت من جێگای ئەو بگرمەوە ئاگام لە دایک و خوشکەکانم بێت لەوێدا 15 دیناری پێدام بۆ ئەوەی دواتر کە چوومە بازاڕ شت بۆ خوشکەکانم بکڕم، چونکە لەوێ کەس بڕوای نەدەکرد کە چی لێ بەسەریەت بۆیە ئەوە کۆتا جارم بوو کە باوکمم بینی من تەمەنم 12 ساڵ بوو لەگەڵ دایکم و ئەوانا دایان نام، بۆماوەی 30 رۆژ لەوێ ماینەوە دواتر ئاگامان لێ بوو کە پیاوەکانیان بەڕووتی ئەبرد دەرەوە و نەمان ئەبیننەوە کە چیان بەسەر دەهات، ئەو شتەی کە ئێستاش لە خەیاڵمایە ئەوەیە کە ئەو سەربازانە ئەوەنە نامەردبوون کە دوور لە هەموو پێوەرە ئیسلامییەکان و مرۆڤایەتییەکان ئەهاتن سووکایەتیان بە ئافرەتەکان دەکرد و ئەوەی جوانیش بوایە ئەیان برد کەس نەی ئەزانی چیان لێدێت، ئیتر دوای ئەوەی کە 30 رۆژ لەوێ بووین بۆ بەیانییەکەی 30 ئۆتۆمبێلی سەر کەپسیان هێنا کە هیچ شوینێک نەبوو بتوانین جوان هەوای تیادا وەرگرین هەموومانیان بەزۆر خستە ناو ئۆتۆمبێلەکانەوە. تەواوی رۆژەکە لە ناو ئۆتۆمبێلدا بووین لەبەر ئەوەی کە ناو ئۆتۆمبێلەکە کەپس بوو هەوای کەمی بۆ دەهات تیشکی خۆرەکەش گەرمتری کردبوو، سێ کچ هەر لەوێدا گیانیان لە دەست دا و ئافرەتێکی دیکەش کە دووگیان بوو لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لە هۆشی خۆی چوبوو کەف لە دەمی هاتبوو کە ئەو دیمەنەم بینی داوام لە دایکم کرد بە بیانوی ئەوەی کە تینومە لە ئاوەی کە بەدزییەوە هێناویانە بمدەنێ پڕ بە سەری دەبەکە ئاویان دامێ منیش وەرم گرت خۆم خافڵان هەتا دەستیان کردەوە بە قسەکردن منیش دەبەکەم کردە دەمی ژنەکە دواتر وردە وردە هاتەوە هۆشی خۆی و کەفەکەی دەمی نەما. دواتر هەستم کرد کە رێگاکەیان گۆڕی لایاندایە سەر گڵ، چونکە تاسەی زۆر زیاتر تیا بوو تا دەوری 40 خولەك بەوجۆرە لەسەر گڵەکە رۆیشتن و وەستان، هەمووانیان داگرت".
- ''دایکمم بینی کە چۆن گولـلەیەکیان نا بەسەریەوە و سەرپۆشەکەی کەوت و بەسەر تەرمەکانی تردا کەوت.''
تەیموری تاقانەی ئەنفال باس لەوە دەکات کە لەکاتی دابەزینیان لە ئۆتۆمبێلەکان و بەڕێکردنیان بۆ شوێنی رەمی کردنەکە کە ئەوان لێی بێئاگابوون، ئاویان داونەتێ و گومانی ئەوەشی هەیە کە لەڕێی ئەو ئاوەوە ماددەی بێهۆشکەریان دابنێ، چونکە لەکاتی تەقەکردن لەو هەموو کەسە، دەنگی قاووقیژ نەدهات و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە گێرانەوەی ئەو چیرۆکە کارەساتبارە کە تەنیا لەڕێگەی فیلمەکانەوە بینراون و بیستراون و گوتی: ''ئاویان پێداین بەس هەستم دەکرد کە ئاوەکە ماددەی موخەدەری تیا بوو تا کەس هەست بە هیچ نەکات، دواتر دەست و چاویان بەستنەوە بە پاڵ و لێیان هەموومانیان خستەوە ناو سەیارەکە، بەردەوام بوو لە رۆیشتن هەرچۆنێک بێت توانیم دەست و دەم و چاوی خۆم بکەمەوە دوای ماوەیەک لە رۆیشتن سەیارەکان وەستان دەرگایان کردەوە بینیم شوێنێکە هەمووی چاڵ چاڵ کراوە بە راکێشان هەموومانیان خستە ناو چاڵەکان دەستیان کرد بە رەمیکردن، ئەو شتەی کە بیرم ناچێتەوە ئەوە بوو ئەو ئافرەتەی کە لە سەیارەکەدا ئاوم پێیدا ئەوەنە فیشەکیان پێوە نابوو هەموو گیانیان وێران کردبوو منداڵەکەی ناوسکیشی مردبوو لەو لاوە دایکمم بینی کە چۆن گولـلەیەکیان لە سەریدا و سەرپۆشەکەی کەوت و خوشکێکیشم فیشەک بە دەستەیەوە بوو منیش فیشەکێک بە شانمەوە بوو، لەتاو ئازار بەرەوڕووی ئەو سەربازە رام کرد کە فیشەکەکەی پێوە نابووم لێی پاڕامەوە کە بۆ ئاوامان لی ئەکەن کە منی بینی بەو مناڵییە و ئەو حاڵە هیچی نەکرد و چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسک دیاربوو کە پەشیمان بوو، سەربازێکی تر بە هاوارکردن هات پەلی گرتم بۆ ناو چاڵەکە و دەستیان کردەوە بە تەقەکردن، ئەوەندە فیشەکیان تەقاند زەویەکە دەلەریەوە، لەو کاتەیە چەند فیشەکێکی تر بەر پشتم کەوت، ئیتر خۆمم کرد بە مردوو هەتا تەقەکردنەکە کۆتایی هات و دنیا تاریک بوو لە چاڵەکە سەرم بەرزکردەوە بینیم سەربازەکان خەریکی قسەکردنن بۆ خۆیان منیش هەوڵم یا لە چاڵەکە رابکەم لەو کاتەدا منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵانم بینی وتم برینداری؟ وتی نا بەس ناتوانم هەڵسم تەرمەکان لەسەر قاچمە، پێم وت دەستم بەرێ با بڕۆین وتی ناتوانم دایکم بەجێبهێڵم و لە سەربازەکانیش ئەترسم نەمتوانی رازی بکەم ئیتر رۆیشتم بە سنگە خشکی هەتا گەیشتمە سوچێک کە جێگای دەمە شۆفڵەکان بوو بەدەست کەمێکم هەڵکەند خۆمم تیا شاردەوە و سەیری سەربازەکانم ئەکرد بیرشم ئەکردەوە کە چۆن رزگارم بێت لێرە".
تەیمور باس لەوە دەکات کە ئەوەی بیردێت، بۆ ماوەیەکی کاتی کە ئەو خۆی بەمردن لە قەڵەمی دەدات، بۆ ساتێک ئاگای لەخۆی نەماوە و وایزانیوە بەنێو هەوردا گوزەری کردووە لەنێوان دوو پەڵە هەوری رەش کە لە کۆتاییدا تیشکێکی بەدی کردووە، لەو ساتەدا کەسێک بانگی کردووە تاوەکو هەڵبستێتەوە و وەک تەیمور خۆی باسی دەکات، ئەوە یەزدان بووە ویستی لەسەر ئەوەبووە کە تەیمور رزگاری بێت لەو مەرگەساتە، تاوەکو چیرۆکە ئازاربەخشە دڕندانەکانی رژێمی بەعسی رووخاو بگێڕێتەوە و بەدنیای بگەیەنێت.
تەیمور درێژە دەدات بە چیرۆکی رزگاربوونی لە چاڵی مەرگ و دەڵێت ''ئیتر وردە وردە رۆیشتم لە کۆتایی چاڵەکە لە هۆشی خۆم چووم لەبەر ئەوەی خوێنی زۆرم لێ رۆیشتبوو، هەستم دەکرد بەناو هەوردا دەڕۆم لەنێوان دوو پەڵە هەوری رەش کە لەوسەریەوە رووناکی هەبوو، بەڵام لەپڕ کەسێک هاتە لای سەرم کە جلی سپی لەبەرابوو نورانی بوو بانگی کردم وتی هەستە تەیمور، کاتێک هۆشم هاتەوە کەس لەو ناوە نەمابوو، من پێم وایە خودا ویستوویەتی تەیمور زیندوو بهێڵێتەوە تاوەکو چیرۆکەکانی ئەنفال بە جیهان بگەیەنێت، منیش هەرچۆنێک بیت رۆیشتم گەیشتمە بەرزاییەک سەیری ئەو شوێنەم ئەکرد کە تێیدا رەمی کراین لەپڕ روناکییەکم بینی ترسام، خۆم شاردەوە تا روناکییەکە نەما ئیتر دووبارە دەستم کردەوە بە رۆیشتن لە نیوەی رێگاکەدا تووشی چەند سەگێک بووم هەم دڵخۆش بووم کە نزیکم لە خەڵک هەمیش دەترسام کە پەلامارم بدەن، چونکە من بێ هێزبووم هەرچۆنیک بێت بەردێکم هەڵ گرت و تێمگرتن، سەگەکان وەڕین. لەوێوە کەسێک ڕوناکی لایتەکەی تێگرتم منیش پێم وت کە چیم لێ هاتووە و داوام لێی کرد بمباتە نەخۆشخانە، منیان بردە ماڵەکەی خۆیان چارەسەری برینەکەیان کردم و جلەکانمیان گۆڕی و نانیان بۆ دانام هەتا بەیانی خەوتم، بەیانیەکەی هەستام، لام سەیر بوو ئەم چۆڵەوانییەوە ئەم جلانە پرسیارم کرد ئێرە کوێیە وتیان ئێرە سەماوایە ئیتر بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ ئەمانە ژیام زمانەکەیان فێربووم زۆریان خۆش ئەویستم ناوەکەشیان کردبوم بە عەلی بە عەللاوی بانگیان دەکردم".
لە باسی سەرگوزشتەی چۆنیەتی دۆزینەوەی مامەکانیدا تەیمور دەڵێت ''دواتر داوام لێکردن کە بگەڕێن بۆ کەسوکارەکەم، ناونیشانم یانێ دواتر بۆیان دۆزیمەوە ماڵی مامێکم کە لە کەلار بوو پیان وتن کە بێن بۆ ئێرە ئەوانیش هاتن و بەیەک شاد بوینەوە، دواتر ئەو ماڵەی منیان گەورە کرد وتیان ئەمە کوڕی ئێمەیە نابێت بیبەنەوە ئیتر چوینەوە ناو دیوەخانی لادێ و لەوێ رێککەوتن کە مانگ بە مانگ لایان بم، ئەمە بەردەوام بوو هەتا ساڵی 1991 دواتر لێیان دابڕام ئیتر لە ماڵی مامم ئەمامەوە هەتا دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق گەڕام و دۆزیمنەوە دووبارە پەیوەندیەکەمان دروست کردەوە''.
لە بارەی پرسی سوود وەرگرتن لە تەیمور وەک شایەتحاڵێکی دۆسیەی ئەنفال لە پرسی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعسی رووخاودا، تەیمور دەڵێت ''دواتر لەناو دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کە دادگایی سەدام و دارودەستەکەی ئەکرا من لەوێ وەک شاهیدحاڵی کەیسی ئەنفال شاهیدیم دا، پێم وتن ئەگەر بەڵگەیان ئەوێ من ئەیان دەمێ هەموویم بە دۆکیومێنت لایە".
سەرچاوە:AA