موقته‌دا سه‌در له‌سه‌ر سووتاندنی قورئان هاته‌ده‌نگ
"پێویسته وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوید له به‌غدا بكات"

K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند، له مانگی قورئان، له وڵاتێكی ئه‌وروپا قورئان ده‌سووتێنن، له‌كاتێكدا موسڵمانێكی زۆریش له‌و وڵاته هه‌یه.
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "له‌به‌رچی ده‌یانه‌وێت موسڵمانان توڕه بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر بڕوات به خوا و شه‌رعه‌كه‌ی نییه، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه، كه مافی ئه‌وه‌ت هه‌یه قورئان بسووتێنیت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، "ده‌ستدرێژییه‌كه له كاتێكدایه، كه له قودسیش ده‌ستدرێژی كراوه، قودس گوناهی چییه، توڵه‌ی زوڵملێكراوه له‌سه‌ر زاڵمه".
له تویته‌كه‌ی سه‌دردا هاتووه: به پێی تێگه‌یشتنی من پێویسته وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی سوید له به‌غدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه تیرۆریستییه و فیتنه‌یه هه‌ڵوێستی هه‌بێت، كه مه‌به‌ست لێی نانه‌وه‌ی پشێوییه له نێوان ئایینه جیاوازه‌كان، به پێچه‌وانه‌ی ره‌فتاری عاقلمه‌ندان.
موقته‌دا سه‌در هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاند و نووسیویه‌تی: نه توندڕه‌وی داعشی نوێنه‌رایه‌تی ئیسلام ده‌كات، نه توندڕه‌وی بێ بڕوایان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وروپا ده‌كات. ئه‌گه‌ر هه‌ڵویست نه‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌وا ئێمه كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت و خۆپشیاندانێكی ئاشتی ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی كراوه‌ته‌سه‌ر پیرۆزی و قورئانه‌كه‌مان.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكومه‌تی سوید ده‌كات، هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له ئاشتی وسه‌قامگیری بكات.
رۆژی هه‌ینی (15ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2022) راسموس پاڵودان، سەرکردەی حزبی توندڕەوی دانیمارکی، لە شاری لینکۆپینگی سوید قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتریش دانیشتووانی موسڵمانی شارەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی رژانە سەر شەقامەکان.