به‌ 30 كه‌سه‌وه‌ ده‌ستدرێژى ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كچێكى 16 ساڵ

گرته‌ى ڤيديۆيى تاوانه‌كه‌يان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

توندوتيژى دژى ژنان و كچانى تازه‌ پێگه‌يشتوو و ته‌نانه‌ت منداڵانيش ديارده‌يه‌كى جيهانييه‌ و رووداوى ده‌ستدرێژى كردنه‌ سه‌ر كچه‌ منداڵێك له‌ لايه‌ن 30 هاووڵاتى به‌رازيله‌وه‌، به‌شێك له‌ هاووڵاتيانى ناچار كرد بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپيشاندان ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌و 30 كه‌سه‌ى كرده‌وه‌ تاوانكارييه‌كه‌يان ئه‌نجامداوه‌، گرته‌ى ڤيديۆيى تاوانه‌كه‌يان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

پۆليس و لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كان ده‌ڵێن ژماره‌يه‌ك له‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگيركراوون.

له‌ شارى ريو دى جانيرۆى به‌رازيل نزيكه‌ى 200 كه‌س كۆبوونه‌وه‌ و دوێنێ هه‌ينى خۆپيشاندانێكيان ئه‌نجامدا.

ئه‌وان چوونه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌يان و داوايان ده‌كرد، سنوورێك بۆ ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ دابنرێت.

هه‌روه‌ها له‌ شارى ساو پاولو، ژماره‌يه‌ك له‌ خۆپيشانده‌ران له‌سه‌ر ديواى مۆزه‌خانه‌ى ساو پاولۆ بۆ هونه‌ر چه‌ندين نامه‌يان نووسيى و داوايانده‌كرد، پياوان رێز له‌ ژنان بگرن و رێگه‌يان پێ نه‌گرن له‌وه‌ى به‌ ئاره‌زووى خۆيان شت له‌به‌ر بكه‌ن.

كچێكى 16 ساڵ شه‌ممه‌ى رابردوو له‌ لايه‌ن گرووپێكى 30 كه‌سييه‌وه‌ ده‌ستدرێژى كرايه‌ سه‌ر.

شه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌و كچه‌ ويستبووى سه‌ردانى ماڵى هاوڕێيه‌كى له‌ گه‌ڕه‌كێكى هه‌ژار نشيندا بكات و رۆژى يه‌كشه‌ممه‌ كاتێك به‌ هۆش خۆى هاتووه‌ته‌وه‌ بينيويه‌تى ده‌ستدرێژى كراوه‌ته‌ سه‌ر و ئه‌شكه‌نجه‌ كراوه‌ و به‌ رووتى به‌جێهێڵدراوه‌. ئه‌و كچه‌ تاوانه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كردبوو، به‌ڵام دواتر ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كه‌، گرته‌ى ڤيديۆى تاوانه‌كه‌يان بڵاوكرده‌وه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ ئاشكرا بوو.

گرته‌كه‌ 40 چركه‌يه‌ و تێيدا به‌شێكى رووداوه‌كه‌ تۆمار كراوه‌.

له‌ 2014دا 47 هه‌زار و 636 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر ژنان له‌ به‌رازيل تۆمار كراوون.

شاره‌زايان ده‌ڵێن ژماره‌كان زۆر له‌وه‌ زياترن به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ قوربانييه‌كان نايانه‌وێت سكاڵا تۆمار بكه‌ن، حاڵه‌ته‌كان به‌ شاراوه‌يى و تۆمار نه‌كراوى ده‌مێننه‌وه‌.

له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و جيهانى خۆرئاوا ده‌ستدرێژى سێكسى بۆ سه‌ر ژنان و كچانى منداڵ به‌ يه‌كێك له‌ ديارترين تاوانه‌كانى توندوتيژى دژى ژنان هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى به‌ربڵاو له‌ دژى ژنان ئه‌نجامده‌درێت.