سلێمانی.. پێنج ئۆتۆمبێلی BMW دەستیان بەسەردا گیرا
بەهۆی ئەنجامدانی پێشبڕکێ و مانۆڕی مەترسیدار لە درەنگانی شەودا
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، پێنج ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دەستیان بەسەردا گیرا کە لەسەر شەقامی تاسڵوجە پێشبڕکێیان کردووە و مەترسی هاتووچۆییان دروست کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانی هاتووە، "درەنگانی شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی کۆنترۆڵی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارکرا و زانیاری پێدرا بە بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی سەرپێچیکار کە لەسەر شەقامی تاسڵوجە پێشبڕکێ دەکەن و مەترسی هاتووچۆییان دروست کردووە. دەستبەجێ ئەفسەری ئێشکگر و کارمەندانی شەفتی شەوی هاتووچۆی قەزای ناوەند بە هەماهەنگی لەگەڵ مەفرەزەی ئاسایشی تاسڵوجە توانرا دەست بگیرێت بەسەر (5) پێنج لەو ئۆتۆمبێلانە و ڕەوانەی گەراجی دەست بەسەرداگرتنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی کران و هەروەها شۆفێرەکانیان ڕووبەڕووی یاسا دەکرێن.
هاتووچۆی سلێمانی جەخت دەکاتەوە کە دیاردەی پیشبڕکێ کردن سەرپێچییەکی هاتووچۆییە و مەترسی کەوتنەوەی ڕووداوی قورس و مەرگرداری لێ دەکەوێتەوە، وێڕای ئەوەی کە هاوڵاتییانی بێزار و نیگەران کردووە، لەبەرئەوە بەهەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو سەرپێچییە دەبینەوە و شۆفێرانی سەرپێچیکار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.