چوار پیاو دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەژدیهایەك
وێنە و ڤیدیۆکان لە مۆبایلی پیاوەکاندا دۆزراونەتەوە
K24 - هەولێر:
لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگەی دارستان لە هیندستان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چوار پیاو، کە تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر ئەژدیهایەك و کوشتن و دواتر خواردنی.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "ڤایس"، رووداوەکە لە رۆژی 29ـی ئادار لە دارستانێکی پارێزراو لە ویلایەتی ماهاراشترای هیندستان روویداوە و چەند کامێرایەك کە تایبەت بوون بە چاودێریکردنی پڵنگەکانی ناوچەکە، وێنەی تۆمەتبارەکانیان گرتووە کاتێک دەچنە دارستانەکەوە.
چەند رۆژێک دوای رووداوەکە پیاوەکان لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە دەستگیرکران و وێنە و ڤیدیۆی دەستدرێژیکردن و کوشتن و خواردنی مارمێلکە گەورەکە لە مۆبایلەکانیاندا دۆزراوەتەوە.
ڤیشاڵ مالی، بەرپرسی بەشی دارستان بە ڤایسی راگەیاند، "تا ئێستا تاوانی لەو جۆرەم نەبینیوە، پیاوەکان تەمەنیان لە 20 بۆ 30 ساڵاندایە، هیچ ئەجێندایەکی ئایینی یان بیروباوەڕێکی جادوی رەش لە پشت تاوانەکەوە نەبووە، وەك دەردەکەوێت تەنیا بۆ خۆشی ئەو کارەیان کردووە".
تۆمەتبارەکان بەپێی یاسای (Act 1972) تایبەت بە پاراستنی ژیانی کێوی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و لەلایەن دادگاوە ئازادکردنی بە کەفالەتیان پێبەخشرا.
(مۆنیتۆر لیزارد Monitor lizards) جۆرە مارمێلکەیەکی گەورەن، کە لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا و چەند ناوچەیەکی ئەمەریکا بوونیان هەیە، له هیندستان بە یاسا لەلایەن حکومەتەوە پارێزگاریان لێدەکرێت و هەر سەرپێجیکارێک زیانیان پێبگەیەنێت، دەکرێت سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت، لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020 بە نزیکەیی نیو ملیۆن کەیسی پەیوەندیدار بە توندوتیژی دژی ئاژەڵان لە هیندستان تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش 82 کەیسیان تایبەتن بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە ئاژەڵان.