پیاوێك گاز لە سەگێکی پۆلیسی دەگرێت

سەگەکە و پیاوەکە هەردوو رەوانەی نەخۆشخانە کراون

پیاوێك گاز لە رووخساری سەگێکی پۆلیسی دەگرێت و برینداری دەکات
پیاوێك گاز لە رووخساری سەگێکی پۆلیسی دەگرێت و برینداری دەکات

K24 - هەولێر:

پیاوێك لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان گاز لە سەگێکی پۆلیسی دەگرێت و بە چەقۆ برینداری دەکات.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "7News"، پۆلیسی کالیفۆرنیا لە رووداوێکی دزیکردن لە ماڵێک ئاگادار کراونەتەوە و لەکاتی گەیشتنیان بە ماڵەکە، دەبینن پیاوێك لەناو ماڵەکەدایە، لە یەکەم هەوڵیاندا بۆ هێنانە دەرەوەی پیاوەکە، سەرەکەوتوو نابن.

کاتێک لەگەڵ سەگێکی K9 دەچنە ژوورەوە، پیاوەکە گاز لە سەگەکە دەگرێت و بە چەقۆیەك برینداری دەکات.

سەگەکە ناوی (کۆرت)ـە و دوای رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری کراوە.

بە گوێرەی راپۆرتی پۆلیس، پیاوەکە لەژێرکاریگەری ماددەی هۆشبەردا بووە، دوای چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانە، رەوانەی بەندینخانە کراوە، ئێستا تۆمەتەکانی دزیکردن، ڕفاندنی ئۆتۆمبێل، بریندارکردنی سەگی پۆلیس و رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی پۆلیسی دراوە پاڵ.