كچێك: زڕدایكم سووتاندمی

K24 – هه‌ولێر:
دوای دوو رۆژ له سووتانی، "ره‌یان مه‌حموود" (17 ساڵ) ئاشكرایكرد، زڕدایكی سووتاندوویه‌تی.
له باره‌ی چۆنێتی رووداوه‌كه‌وه، ئه‌مڕۆ مامی ره‌یان بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ره‌یان هاتووه‌ته‌وه هۆش خۆی و رایگه‌یاندووه، زڕدایكم سووتاندوومی.
نیوه‌ڕۆی رۆژی یه‌كشه‌ممه (24ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2022)، كچێكی ته‌مه‌ن (17 ساڵ) به ناوی "ره‌یان مه‌حموود" له گه‌ڕه‌كی "11ی ئادار"ی كه‌سنه‌زان سووتا و گواسترایه‌وه بۆ ئێمرجێنسی هه‌ولێر.
پێشتر كوردستان24 بڵاویكرده‌وه، گومانده‌كرێت ئه‌و كچه له لایه‌ن زڕدایكییه‌وه سووتێنرابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له كه‌سانی نزیكی باسیان كردبوو.
مامی ره‌یان بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، پێشتر چه‌ند جارێك ئه‌و زڕدایكه توندوتیژی له دژی ره‌یان به‌كارهێناوه.
به گوێره‌ی راپۆرتی پزیشكی %80ی جه‌سته‌ی ره‌یان سووتاوه و ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی له ژیان لاوازه.
رۆژی رووداوه‌كه، مامی ره‌یان قسه‌ی بۆ كوردستان24 كرد و رایگه‌یاند، ره‌یان له ئیفاده‌یدا به پۆلیسی وتووه، كه خۆی ئه‌و كاره‌ی كردووه و سكاڵای له‌سه‌ر كه‌س نییه.
ره‌یان و خوشكێكی 11 ساڵ و دووبرای دیكه‌ی له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ باوكیان و ئه‌و زڕدایكه‌دا ده‌ژین، كه دوای كۆچی دوایی دایكیان بووه‌ته هاوسه‌ری باوكیان.
دایكی ره‌یان و خوشك و براكانی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دواییكردووه.
باوكی ره‌یان رایگه‌یاندووه، ئه‌و كاته‌ی رووداوه‌كه روویداوه، له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ بووه، زڕدایكه‌كه‌ش وتویه‌تی له ده‌ره‌وه بوومه.
ئه‌مڕۆ پۆلیس له دوای ئیفاده‌ی ره‌یان، زڕدایكه‌كه‌ی ده‌ستگیركردووه و پوورێكی ره‌یان له نه‌خۆشخانه‌یه و چاودێری ته‌ندرووستی ره‌یان ده‌كات.
