هەولێر.. ئامادەسازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاویی دەکرێت
چەند پرۆژەیەكی ئاو لە هەولێر و دەوروبەری جێبەجێ دەکرێن
K24 - هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری و دەوروبەری هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینار، كە ئەم گوژمەیە بۆ ئامادەسازیی ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەی كەمئاوییە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لە هاوینی ئەمساڵدا.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند، ئەو چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینارە بە مەبەستی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی ئاوە لە هەولێر و دەوروبەری، وەك ڕاكێشانی هێڵی كارەبا بۆ بیرەكان و دابینكردنی سێتی پەمپی ئاسۆیی و بۆستەرەكانی ناو شاری هەولێر و چاككردنەوەی مولیدەی بیرەكان و كڕینی كەلوپەلی پێویست بۆ پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز/3 و بەكرێگرتنی تانكەر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری خەرج دەكرێت.