شه‌به‌حه‌كه‌ی كیێڤ ئاشكراكرا
سوپای ئۆكرانیا ناسنامه‌ی "شه‌به‌حه‌كه‌ی كیێڤ"ی ئاشكراكرد، كه به ته‌نیا 40 فڕۆكه‌ی رووسی تێكشكاندووه
K24 - هه‌ولێر:
ئۆكرانییه‌كان ناوی ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌یان ئاشكرا كرد، كه به ته‌نیا 40 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی سوپای رووسیای له ئاسماندا تێكشكاندووه، پێشتر به‌هۆی توانا و لێهاتووییه‌كه‌ی و ئاشكرانه‌بوونی ناوه‌كه‌ی لای خه‌ڵكی ئۆكرانیا "ستێپان تارابالك"ی ته‌مه‌ن 29 ساڵ به "شه‌به‌حی كیێڤ" ده‌ناسێنرا.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئۆكرانیا، "شه‌به‌حی كیێڤ" پێشتر ناوی راسته‌قینه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، كه به فڕۆكه‌كه‌ی له جۆری MiG-29 فڕۆكه‌كانی رووسیای له خاكی ئۆكرانیا راوده‌نا و ده‌یكردنه ئامانج، تا له (13ی ئادار/ مارسی 2022) گیانی له‌ده‌ستدا.
رۆژنامه‌ی "تایمز"ی به‌ریتانی ئاشكرای كرد، ئه‌و فڕۆكه‌وانه دوای گیانله‌ده‌ستدانی ناوه‌كه‌ی ئاشكراكرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێشبینی ده‌كرێت به‌مزووانه له له‌نده‌ن كڵاوه و چاویلكه تایبه‌تییه‌كه‌ی له زیادكردنێكی ئاشكرا بفرۆشرێت.
رۆژنامه‌كه زانیاری ته‌واوی له‌سه‌ر فڕۆكه‌وانه‌كه ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام حكومه‌تی ئۆكرانیا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، ئه‌و فڕۆكه‌وانه له یه‌كه‌م رۆژی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا 6 فڕۆكه‌ی سوپای رووسیای له ئاسمان خستووه‌ته خواره‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی ناوه‌ی "ستێپان" ئاشكرا بكرێت، ئۆكرانییه‌كان جگه له نازناوی "شه‌به‌حی كیێڤ"، نازناوی دیكه‌شیان بۆ ئه‌و فڕۆكه‌وانه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارهێناوه، وه‌ك "پاڵه‌وان"، "فریشته‌ی پاسه‌وان" و چه‌ند نازناوێكی دیكه.
پێشتر به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، وه‌ك پاڵه‌وانی داستان و چیرۆكه خه‌یاڵییه‌كان ده‌ناسرا، به‌ڵام ده‌سته‌ی گشتیی هێزه‌كانی ئۆكرانیا به‌رده‌وام دووپاتی ده‌كرده‌وه، كه ئه‌وه خه‌یاڵی نییه و راسته‌قینه‌یه، له گۆشت و خوێنی خۆتانه، تا له 11ی ئاداری رابردوو، دوو رۆژ به‌ر له‌وه‌ی گیانله‌ده‌ست بدات، وێنه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه، كه له ناو فڕۆكه‌كه‌ی دانیشتووه، به‌ڵام به‌هۆی كڵاو و چاویلكه تایبه‌ته‌ییه‌كه‌ی، رووخساری ئاشكرا نه‌بوو.
"شه‌به‌حی كیێڤ"، دوای مردنی مه‌دالیای یه‌كه‌می ئۆكرانیا بۆ پاڵه‌وانی پێبه‌خشرا، له‌گه‌ڵ مه‌دالیای "ئه‌ستێره‌ی زێڕێن" و به پاڵه‌وانی ئۆكرانیاش ناسێنرا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌و فڕكه‌وانه‌كه له خێزانێكی چینی مامناوه‌نده و له گوندی "كۆرۆلیڤكا"ی رۆژئاوای ئۆكرانیا له‌دایك بووه، له كۆلیژی نیشتمانی هێزه ئاسمانییه‌كانی خاركیێڤ زانسته سه‌ربازییه‌كانی خوێندووه، دوای خۆی "ئۆلینیا"ی هاوسه‌ره‌كه‌ی و "یاریك"ی كوڕه 8 ساڵییه‌كه‌ی جێهێشت.
خولیای منداڵی
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئێزگه‌ی "NPR"ی ئه‌مه‌ریكی، "ناتالیا"ی دایكی "ستێپان" ئاشكرای كردووه، كه كوڕه‌كه‌ی له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه حه‌زی به فڕین هه‌بووه و خه‌ونی به‌وه ده‌بینی ببێته فڕۆكه‌وانێكی جه‌نگی، سه‌یری ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی ده‌كرد، كه سه‌ربازانی ئۆكرانیا له رێگه‌ی په‌ڕه‌شووته‌وه خۆیان له ئاسمان هه‌ڵده‌دا خواره‌وه.
به‌ڵام "ئیڤۆن"، باوكی "شه‌به‌حی كیێڤ" روونیكرده‌وه، ئه‌وان ئاگایان له دواساتی ژیانی كوڕه‌كیان نه‌بووه، سوپای ئۆكرانیا به‌هۆی گرنگی پێگه و سه‌لامه‌تی، شوێنی كوڕه‌كه فڕۆكه‌وانه‌كه‌یانی ئاشكرا نه‌كردووه، تا ئه‌و كاته‌ی گیانی له‌ده‌ستداوه، ده‌شڵێت: "ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان ده‌زانی، كه كوڕه‌كه‌مان له ئاسمان ده‌فڕێت، دواتر زانیمان ناگه‌ڕێته‌وه".