قەیسی و فاسۆلیا سوودیان چییە؟

قەیسی هەرس ئاسان دەکات و فاسۆلیا شەکری خوێن دادەبەزێنێت

ژەمی برنج و شلە و گۆشت و مریشک
ژەمی برنج و شلە و گۆشت و مریشک

K24 - سلێمانی:

لە هەرێمی کوردستان، فاسۆلیا خۆراکی رۆژانەیە، بەڵام لە جەژندا لەبیر ناکرێت و یەکێکە لە خۆراکە دڵخوازەکانی هاوڵاتیان، بە پێچەوانەوە قەیسی زۆرینەی هاووڵاتییان وەک خۆراکی رۆژانە بەکاریناهێنن، بەڵام لە جەژندا، قەیسی هاوشانی فاسۆلیا خواستی لەسەر زیاد دەبێت.

فاسۆلیا و قەیسی، لەگەڵ برنج و جۆرە جیاوازەکانی گۆشت، خوانی جەژن دەڕازێننەوە، لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک، بەمشێوازە باسی سوودەکانی قەیسی دەکات "قەیسی ڕێژەیەکی باش ڤیتامینەکانی تێدایە و گرنگە لە ڕۆژانی جەژندا قەیسی بخورێت، چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەو خۆراکانەی لە جەژندا دەخورێت، بە تایبەتی خواردنی بڕێکی زۆر برنج و چەوری و شیرینی و سوێری و شەربەتە دەستکردەکان و خواردنەوە گازییەکان، هەر بۆیە زۆر گرنگە بۆ خواردنی جەژن قەیسی بخۆین".

قەیسی کە میوەیەکی وشککراوەیە، کۆلستڕۆڵی تێدا نییە و دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، ریشاڵەکان، پەکتین و سلیلۆز کە هەرس ئاسان دەکات و بۆ کۆڵۆن باشە و قەبزی ناهێڵێت.

هەروەها قەیسی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی A,C,B6 و مادەی دژە ئۆکسان و هەوکردنی تێدایە و هاوسەنگی شەکری خوێن رادەگرێت، دەشبێتە یارمەتیدەری جەستە بۆ پاکبوونەوە لە مادە زیانبەخشەکان.

فاسۆلیاش خۆراکێکی دیکەی جەژنە، لە کوپێک فاسۆلیادا 30 گرام ریشاڵ هەیە، کە بۆ تەندروستی دڵ و جەستە گرنگە، دەشبێتە هۆی كەمكردنەوەی كۆلسترۆڵ، چونکە رێژەی چەوری لە فاسۆلیادا زۆر کەمە.

هەروەها لە کوپێک فاسۆلیادا، زیاتر لە 40 گرام پرۆتین هەیە و کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی شەکری خوێن، بۆیە بەباش دەزانرێت لەگەڵ برنجدا بخورێت، بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانەکانی برنج.

لەکاتێکدا هەردوو خۆراکەکە بۆ جەستەی مرۆڤ سوودیان هەیە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی تەندروست ئامادە بکرێن و زیادەڕەوی نەکرێت لە خواردنیاندا.

Fly Erbil Advertisment