یاریزانێكی پێشووی بارسێلۆنا گاڵته‌ به‌ كریستیانۆ ده‌كات

گاری لینكه‌ری، یاریزانی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا و هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلاند له ئه‌كاونتی خۆی له‌ تویته‌ر گاڵته‌ به‌ كریستیانۆ ده‌كات.

گاری لینكه‌ری ته‌مه‌ن 55 ساڵ، نووسیویه‌تی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كۆی 36 لێدانی راسته‌وخۆ له‌ یۆرۆ هیچ گۆڵێكی نه‌كردووه‌، كه‌چی گاریس به‌یل له‌ كۆی 3 لێدانی راسته‌وخۆ 2 جار تۆڕی گۆڵی به‌رانبه‌ری هه‌ژاندووه‌.

گاری به‌ گاڵته‌وه‌ ده‌شڵێت: پاڵپشتی كریستیانۆ ده‌كه‌م تا ئه‌وكاته‌ی گۆڵێك به‌ لێدانی راسته‌وخۆ تۆمار ده‌كات.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ دوو یاریی ده‌ستپێكی یۆرۆی 2016ـی فره‌نسا له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌كانی ئایسله‌ندا و نه‌مسا نه‌یتوانیوه‌ هیچ یارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بباته‌وه‌ و هیچ گۆڵێكیشی تۆمار نه‌كردووه‌، له‌ دوایین یاری خۆشی لێدانێكی سزاشی له‌ده‌ستدا.

گاری لینكه‌ر، له‌ ساڵی 1978 له‌ یانه‌ی لیسته‌ر سیتییه‌وه‌ وه‌ك یاریزانێكی پیشگه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌، دواتر رووی كرده‌ یانه‌كانی ئیڤه‌رتۆن و تۆتنهام، له‌ نێوان ساڵانی 1986 ـ 1989 وه‌ك هێرشبه‌ری یاری بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا كردووه‌.