ئاواره‌یه‌كی شنگال: دوایین داواكاریمان ئه‌وه‌یه پیشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه شنگال

K24- دهۆك:
هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی شنگال كه شه‌وی رابردوو به‌هۆی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه و سوپای عێراق ماڵ و حاڵی خۆی جێهێشتووه و له یه‌كێك له كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك شوێنی بۆ كراوه‌ته‌وه، گوتی: نائارمییه‌كی زۆر له ناوچه‌كه‌مان هاتووه‌ته ئاراوه و ئه‌و ناسه‌قامگیریه‌ی رووی له ناوچه‌كه‌ش كردووه، به‌هۆی لاوازی هێزه عێراقییه‌كانه‌وه‌یه.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، ئه‌و هاووڵاتییه به‌ناوی فه‌لاح ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سوپای عێراق به هێزێكی زۆره‌وه هاتووه‌ته ناو شنگال و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان یه‌به‌شه و هێزه‌كانی سوپا روویدا و دۆخێكی ناسه‌قامگیر له ناوچه‌كه هاتووه‌ته ئاراوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه هاووڵاتییانی سڤیل دووباره ئاواره‌بوونه‌وه و به‌شێكیان روویان له بناری چیای شنگال كرد و به‌شێكی دیكه‌شیان به‌ره‌و كه‌مپه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان هاتوون.
گوتیشی: من به‌زۆر توانیم خێزانه‌كه‌م له‌ناو شه‌ڕ رزگار بكه‌م، زۆرێكیش له هاووڵاتیان نه‌یانتوانیوه فریای جلوبه‌رگه‌كانیشیان بكه‌ون و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌وه بوو، بتوانن ته‌نانه‌ت منداڵێك له‌ناو ئه‌و دۆخه بهێننه ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی شنگال درێغیی نه‌كردووه و باوه‌شی بۆ ئێمه كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه‌ی ئێمه كه‌مته‌رخه‌مه و گوتیشی: دوای هاتنیشم به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی به خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه ده‌كه‌م و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستاش له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك شه‌ڕ له نێوان هه‌ردوو لا به چڕی به‌رده‌وامه.
گوتیشی: هێزێكی زۆری په‌كه‌كه له ناوچه‌كه‌یان هه‌یه و له‌كاتی شه‌ڕیش گوللـه‌ی چه‌كه‌كانیان به‌ر ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كانیان ده‌كه‌وتن.
هه‌وره‌ها جه‌ختیكرده‌وه، "ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بینیمان هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی 3ی 8ی 2014 نه‌بوو و ئه‌وانه‌ی چوونه‌ته بناری چیای شنگالیش، هیچ لایه‌نێك هاوكارییان ناكات له خزمه‌تگوزاری بێبه‌شن".
گوتیشی: ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت و په‌كه‌كه و سوپای عێراق هێرشی سه‌رمان بكه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نین جارێكی دیكه بگه‌ڕێینه‌وه ناوچه‌كانمان و ژیانی ئێمه له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان باشتره.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێشتریش چه‌ندین جار داوامانكردووه، شنگال نه‌كرێته گۆڕه‌پانی یارییه سیاسییه‌كان و ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كانیان بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام گوێمان بۆ نه‌گیرا و خه‌ڵك ئاماده نییه بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و شوێنانه.
هه‌روه‌ها گوتی: دوایین داواكاریمان ئه‌وه‌یه پیشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه شنگال، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به ئارامی بژیت و هه‌ركاتێك پێشمه‌رگه گه‌ڕایه‌وه شنگال، گومانی تێدا نییه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر زێدی خۆی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌گه‌ڕێته‌وه، خه‌ڵك هه‌رگیز ئاماده نابێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی.
H.B