نیویۆرک تایمز: ترەمپ تاوتوێی چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکات
بلوومبێرگ: درێژەکێشانی جەنگی ئێران داهاتووی سەرۆکایەتیی ترەمپ دەخاتە مەترسییەوە
سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا لەگەڵ راوێژکارانی ئەمنی و وەزیرانی کابینەکەی، تاوتوێی بڕیاردان لەسەر چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی واشنتن دەکات دژی ئێران، ئەمەش دوای داڕمانی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوانیان و بەردەوامیی هێرشەکانی تاران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەینی 24ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە چوار سەرچاوەی ئاگادار بڵاو کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ راوێژکارە باڵاکان و ئەندامانی کابینەکەی ئەنجامداوە بۆ بڕیاردان لەسەر چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی پێشوو بۆ گەیشتن بە دانوستانی نوێ و درێژخایەنی ئەتۆمی لە دوای داڕمانی ئاگربەستە کاتییەکە بێ ئامانج بووە. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژی پێنجشەممەدا لەگەڵ پێگەی ئەکسیۆس رایگەیاندبوو: "من بیر لە هێرشێکی سەربازیی زەبەلاح دەکەمەوە، گەورەتر لە هەموو کاتەکانی پێشوو. زۆر نزیکم لە بڕیاردان و ئێمە بە تەواوی بۆ ئەم هەنگاوە ئامادەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، پێدەچێت ئیسرائیل نەخرێتە ناو ئەم خولە نوێیەی پەرەسەندنی جەنگەکەوە بەهۆی ئەگەری کاردانەوەی توندی ئێرانەوە بۆ سەر تەلئەڤیڤ. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ترەمپ دەگاتە واشنتن.
پێشتر ترەمپ جەختی دەکردبووەوە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پڕۆسەیەکی کورت دەبێت، بەڵام جەنگەکە زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەکی کۆتایی پێوە دیار نییە، بە تایبەتی دوای کوژرانی چوار سەربازی ئەمریکی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە ناوچەکەدا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە.
شیکەرەوە سەربازییەکان پێیان وایە کە هەڕەشەکانی ترەمپ نەبووەتە هۆی رێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران، چونکە سەرکردە نوێیەکانی ئێران توندڕەوترن لەوانەی کە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا کوژران. جیا لەوەش، سەرکردایەتی تاران، سەرەڕای کێشە قورسە ئابوورییەکانیان، ئامادەیی زۆرتریان تێدایە بۆ قبووڵکردنی باجی جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا بەراورد بە هەر سەرۆکێکی ئەمریکی.

بلوومبێرگ: بێهیوایی دۆناڵد ترەمپ لە جەنگی پێنج مانگیی ئێران و دابەزینی متمانەی دەنگدەران بە کۆمارییەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی "بلوومبێرگ" ، داهاتووی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی درێژەکێشان و توندبوونەوەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ئیدارەی ترەمپ پێشبینیان دەکرد جەنگەکە تەنیا چەند هەفتەیەک بخایەنێت.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، ترەمپ کە هەمیشە دژی پاشەکشە بووە، ئێستا کەوتووەتە دۆخی "تۆڵەسەندنەوە" دژی تاران. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ململانێ سەربازییەکانی نێوانیان بۆ پێنجەمین مانگ درێژەی کێشا و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێکچوونی دۆخی ئابووری، کە مەترسی لەسەر سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی تشرینی دووەمدا دروست دەکات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بەپێی راپرسییە نوێیەکانی (Emerson College) و (Fox News)، دیموکراتەکان پێشەنگییەکی بەرچاویان بەرامبەر کۆمارییەکان بەدەستهێناوە لە پێوەرەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئابووریدا.
پێشتر ترەمپ جەختی دەکردەوە، ئۆپراسیۆنی کورت و هاوشێوەی ڤەنزوێلا مۆدێلێکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ لێدانی ئێران، و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ پێداگری دەکرد کە ئەمریکا ناچێتە ناو جەنگێکی درێژخایەنەوە، بەڵام هەوڵە چڕەکانی ترەمپ بۆ ناچارکردنی تاران بەرەو دانوستان بێسوود بووە و یادداشتی تێگەیشتنی مانگی پێشووش کە لە لایەن جەی دی ڤانس و جارد کوشنەرەوە بە رێبەرایەتیی قەتەر داڕێژرابوو، بە تەواوی داڕما.
بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرزبووەتەوە، و گومانی توندیش لەسەر سەلامەتی رێڕەوی دەریای سوور دروست بووە بەهۆی هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەنەوە.
هاوکات پڕۆژەیاسای پاڵپشتی دارایی جەنگ لە کۆنگرێسی ئەمریکادا پەکیکەوتووە، کە ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان کۆشکی سپی و لایەنە یاسادانەرەکانی ئەمریکای تووشی ئاڵۆزی کردووە، کاتێک شۆفێران لە ناوخۆی ئەمریکادا رووبەڕووی گرانبوونی توندی بەنزین دەبنەوە.