"شەڕی شنگال دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات"

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ئەرکی حکومەتی عێراقە شنگال لە گرووپە چەکدارەکان پاکبکاتەوە
iraq-army
iraq-army

K24 – هەولێر

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایخدەگەیەنێت، ئەرکی حکومەتی عێراقە شنگال لە گرووپە چەکدارەکان پاکبکاتەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتن بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر شەڕی پەکەکە و سوپای عێراق فراوانتر ببێت، دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەبارەی شەڕی پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی ئەو دۆخەی لە شنگال هەیە تائێستا نەتوانراوە هیچ خاڵێکی رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت، هۆکاری سەرەکیش ئەو گرووپە چەکدارانەن کە لە شنگالن بەتایبەتی پەکەکە، تەنانەت رێگرن لەوەی خەڵک بگەڕێتەوە ناوچەکەیان".

گوتیشی: "هێزێکی زۆری سوپای عێراق رەوانەی شنگال کراوە و گرژیی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروستبووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئەرکی حکومەتی عێراقە بە ئاشتی یان بە زەبری هێز گرووپە چەکدارەکان لە شنگال وەدەرنێت، پێویستە دانوستان دەستپێبکاتەوە و ئەو گرووپانە ناوچەکە چۆڵ بکەن، ئەگەر ئەوە نەکرێت دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ئاکامی باشی نابێت".

جەختیکردەوە: "پێویستە پەکەکە ناوچەکە جێبهێلێ و خەڵک بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن و خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکەکەی بکرێت".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، راشیگەیاند: "حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش لەگەڵ ئەوە نین شەڕ لە ناوچەکە هەبێتم بەڵکو لەگەڵ سەقامگیرین، چونکە دۆخەکە ئاڵۆزە، لەلایەک داعش هەیە لەلایەکی دیکە سوپای تورکیا بەهۆی شەڕی پەکەکە هێزی هێناوەتە سنوورەکان، ‌پێدەچێت ئەو هێزە چەکدارانەی لە شنگالن مەبەستیان بێت شەڕ و ئاڵۆزی دروست بکەن، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات".