ئاهەنگێكی گەورە لە گۆمی فێڵاو بۆ گەشتیاران ساز دەكرێت
"پێشبینی دەكەین بە هەزاران گەشتیار بەشداری ئاهەنگەکەدا بکەن"

K24 - هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە شوێنە گەشتیارییەكان و پێشوازیكردن لە گەشتیاران، لە گۆمی فێڵاو ئاهەنگێكی گەورە بۆ گەشتیاران ساز دەكرێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگەكانی سنوورەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژی جەژندا، ئاهەنگێكی گەورە لە گۆمی فێڵاو كە ناوچەیەكی گەشتیارییە ساز دەكات.
سەبارەت بەو ئاهەنگە، هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، ڕایگەیاند، "ئامادەكاریی تەواو بۆ ئاهەنگەكە كراوە و پێشبینیش دەكەین نزیكەی دوو هەزار گەشتیاری ناوچە جیاوازەكانی عێراق و بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی بەشداری لە ئاهەنگەكەدا بكەن." لەبارەی كاتی ئاهەنگەكەش گوتی: "لە دوای نیوەڕۆوە تا كاتژمێر 7 بۆ 8ـی شەو بەردەوام دەبێت."
ئاماژەی بەوەش دراوە، لەو ئاهەنگەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر پێشكەش دەكرێن، لەوانە نمایشی فڕین، گۆرانی و موزیك و هەڵپەڕكێ و دەیان جۆری دیكەی چالاكی پێشكەشی گەشتیارانی گۆمی فێڵاو دەكرێن كە دەبنە هۆی دڵخۆشكردنی گەشتیاران.
