سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كی هه‌رێم شه‌ڕی داعشه‌

له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌منی و سه‌ربازی ئه‌مریكی و عێراقی كۆبووه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی هاوبەشی عێراقی ئەمریكی، تاوتووێی پلانی هاوبەشی سیاسی و ئەمنی و سەربازی بۆ رزگارکردنی مووسڵ و قۆناخی دوای رزگارکردنی ئه‌و شاره‌یان كرد ‌و گفتوگۆشیان لە سه‌ر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و گرفتە ئابوورییەكان كرد.

شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ لە فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بڕێت مەكگورگ نوێنەری سەرۆك ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و ستیوارت جۆنز باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمریكا لە شاری هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندەی سەربازی و ئەمنی عێراق و ئەمریكا پێكهاتبوون.

شاندی هاوبەشی عێراقی ئەمریكی ئاماژه‌یاندا، هێزی پێشمەرگە هاوبەشێكی راستەقینەی عێراق و هاوپەیمانانە لە شەڕی تیرۆریستان و رزگارکردنی مووسڵدا و پابەندبوونی حكوومەتی عێراقی بە ئیلتزاماتی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوولا لە شەڕی رزگارکردنی مووسڵ دووپاتكردەوە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ بارزانی رایگەیاند، ئەولەویەتی سەرەكی هەرێمی كوردستان شەڕی داعشە. هەورەها هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمریكای بە پێویستزانی بۆ یەكلاییكردنەوەی گرفتەكان و تێكشكاندنی تیرۆریستان.