هۆکاری مردنی ئەو پیاوەی دڵی بەرازی بۆ چاندرا ئاشکرا کرا

"گرنگی بە هیچ نەدەدا و نەیدەویست قسەمان لەگەڵ بکات"

ده‌یڤید بێنێت
ده‌یڤید بێنێت

K24 - هەولێر:

پسپۆڕانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ماریلاند رایانگەیاند، ئەو پیاوەی دڵی بەرازی بۆ چاندرا، تووشی ڤایرۆسێکی تایبەت بە بەراز ببوو.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەدات، ناوبراو "دەیڤد بێنێت" کە لە کانوونی دووەمی 2022 دڵی بەرازی بۆ چاندرا، دڵە نوێکەی بۆ ماوەی دوو مانگ بە باشی کاری کردووە، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە هۆکاری مردنەکەی، رەنگە بەهۆی ڤایرۆسی بەرازەوە بێت.

د. بارتلی گریفیت، پسپۆڕی چاندنی دڵ و ئەو پزیشکەی نەشتەرگەریەکەی ئەنجامدا، باسی لەوە کرد، رەنگە بەهۆی کاریگەریە لاوەکەیانەوە گیانی لەدەست دابێت.

ئەو پزیشکە گوتیشی: "ئێمە وابیرمان دەکردەوە، کە ئەو ڤایرۆسەی لە رۆژی 20ـەمدا دەرکەوت، بە هەموو جەستەیدا گەشەی سەندووە، نەخۆشەکە لە رۆژی 45ـەمی دوای نەشتەرگەریەکە وای لێ هات کە دەترسا و زۆریش نەخۆش کەوت. گرنگی بە هیچ نەدەدا و نەیدەویست قسەمان لەگەڵ بکات، لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتبوو، بە قورسی هەناسەی دەدا و تایەکی سووکی هەبوو."

ده‌یڤید بێنێت (ته‌مه‌ن 57 ساڵ) یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ دڵی به‌رازی بۆ بگوارێته‌وه‌، هەواڵی نەشتەرگەرییەکەشی لە تەواوی میدیا جیهانیەکاندا بڵاوکرایەوە.

دوای سەرکەوتنی نەشتەرگەریەکە ده‌یڤید بێنێت ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا و هەمووان دەیانویست زانیاری زیاتر لەبارەی ئەم پیاوەوە بزانن.