تەندروستی هەولێر: حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەیە

د. دلۆڤان محەمەد: گومانلێکراو منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیوە

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەیە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، نەخۆشێک لە هەولێر هەیە گومانی ئەوەی لێدەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت.

گوتیشی: "ئەو کەسەی گومانی لێدەکرێت تای خوێنبەربوونی بێت، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیوە".

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر روونیکردەوە: "لە نەخۆشخانەی راپەڕین لەلایەن پزیشکێک گومان لە نەخۆشێک دەکرێت کە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بەڵام ئێمە تیمێکی پسپۆڕمان بەو نەخۆشییەوە هەیە، نموونەی خوێنی لێوەرگیراوە و بۆ دڵنیابوون نێردراوەتە تاقیگەی گشتی، هەروەها گومانلێکراو لە نەخۆشەکانی دیکە جیا کراوەتەوە".

راشیگەیاند: "ئەو منداڵەی گومانی لێدەکرێت هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت، لە ناوەڕاستی عێراقەوە هاتووەتە هەولێر، چونکە تای خوێنبەربوون لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوبووەتەوە گومانەکە زیاتر بووە".

د. دلۆڤان، ئەوەشی خستەڕوو: "وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ رێکارەکانیان بۆ رێگریکردن لەو ڤایرۆسە گرتووەتە بەر، بەتایبەتی جێبەجێکردنی سەربڕینی ئاژەڵان".

باسی لەوەشکرد: "ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون یەکەمجار نییە لە عێراق بڵاودەبێتەوە، پێشتریش هەبووە، بەڵام ژمارەکە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر زۆر زیاترە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەن".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، تائێستا زیاتر لە 40 کەس لە شارەکانی عێراق تووشتی ڤایرۆسی خوێنبەربوون بوونە و لەناویاندا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە.

Fly Erbil Advertisment