وەزارەتى خوێندنى باڵا سیستمى ئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکان پەیرەو دەکات

دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین دیکۆمێنتەکان پێشکەش بکەن

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمى ئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکان پەیرەو دەکات و دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین  دیکۆمێنتەکان پێشکەش بکەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: "بەهۆى گەشەکردنى سێکتەرى خوێندنى باڵا و کرانەوەى هەرێمى کوردستان بەڕوى وڵاتانى جیهان، ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتیان روو لە زانکۆ پێشکەتووەکانى دنیا دەکەن بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆرى بیانى خاوەن بڕوانامەى باڵا روو لە هەرێمى کوردستان دەکەن و لە بوارە جیاوازەکان کاردەکەن".

روونیکردەوە: "بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى 2017وە سیستمى ئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکان کارپێدەکات، بەهۆى ئەو سیستەمە هاووڵاتیان بەبێ ئەوەى پێویست بکات بێنە وەزارەت، لە هەر جێگایەک بن لە ماڵەکەى خۆیان و لە رێگەى کۆمپیوتەرەکەیان یان مۆبایلە زیرەکەکانیان دەتوانن بەشێوازى (ئۆنلاین) پێشکەش بکەن و مامەڵەى یەکسانکردنیان بۆ پڕۆسێس بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەندامانى لیژنەى یەکسانکردنى بڕوانەمەکانیش لەهەرجێگایەک بن لە رێگەى کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکانیان دەتوانن پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەڕێبکەن".

بۆ پرۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکەت ئەم لینکە کلیک بکە