ده‌میرتاش: ئه‌و چه‌كانه‌ی توركیا بۆ توركمانه‌كانی سووریای نارد په‌یه‌ده ده‌یانكڕێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) رایگه‌یاند، ئه‌و چه‌كه‌ی كه پێشتر توركیا له‌ڕێگه‌ی میته‌وه بۆ هه‌ندێ گروپی كوردی و توركمانه‌كانی سووریای ده‌نارد، ئێستا ئه‌و چه‌كانه به په‌یه‌ده ده‌فرۆشرێنه‌وه.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "جمهوریه‌ت"ی توركی رایگه‌یاند، ئه‌و چه‌كانه‌ی پێشتر توركیا به هه‌ندێ گروپی كوردی و توركمانه‌كانی سووریای دابوون، ئێستا به په‌یه‌ده ده‌یفرۆشنه‌وه.
هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په له‌باره‌ی لێدوانی به‌رپرسه‌كانی توركیا كه ده‌ڵێن هاوسه‌رۆكه‌كانی ده‌به‌په هاوكاری په‌كه‌كه ده‌كه‌ن گوتی: "گه‌ر به‌ساڵ پشكنه‌ران و لێكۆڵه‌ران لێكۆڵینه‌وه له‌مباره‌یه‌وه بكه‌ن، هیچ شتێكی له‌م جۆره‌یان ده‌ستناكه‌وێت, به‌ڵام دیاره كێ هاوكاری تیرۆر ده‌كات و چه‌كیان پێ ده‌دات، ئه‌ویش ئاكپارتییه".
هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان رایگه‌یاند، حكوومه‌تی توركیا به هاوكاری حكوومه‌تی سووریا هه‌وڵ بۆ پێكهێنانی هێزێك ده‌دات، بۆ دژایه‌تیكردنی په‌یه‌ده، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه، واباشتره گفتوگۆ له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده بكات، چونكه ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌ركه‌وتوو نابن.