"تره‌مپ 2024 ببێته‌وه به سه‌رۆك، كۆشكی سپی جێده‌هێڵم"
فاوچی باسی سه‌رده‌می تره‌مپ ده‌كات

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ئه‌نتۆنی فاوچی، گه‌وره راوێژكاری پزیشكانی كۆشكی سپی به پێكه‌نینه‌وه رایگه‌یاند، "نا"، كاتێك شه‌وی رابردوو له چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی سی ئێن ئێن -دا لێیان پرسی له پۆستهكهتدا ده‌مێنیته‌وه وه‌ك راوێژكاری سه‌رۆك له كۆشكی سپی ئه‌گه‌ر تره‌مپ هه‌ڵبژاردنی 2024 سه‌ركه‌وتووبێت؟
ئه‌نتۆنی فاوچی (ته‌مه‌ن 82 ساڵ)، له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه (1984) وه‌ك سه‌رۆكی په‌یمانگای نیشتمانی بۆ نه‌خۆشییه هه‌ستیار و درمه‌كان له پۆستهكهیدایه و له ساڵی 2020 بوو به روویه‌كی دیار له نێو حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.
له‌ساڵی یه‌كه‌می په‌تاكه‌دا هه‌میشه له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ -ی سه‌رۆكی پێشوو گفتووگۆی توندیان هه‌بووه سه‌باره‌ت به چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی جیاواز له‌وانه (ده‌رمانی هایدرۆكلۆركین، پشكنینی تاقیگه‌یی ئه‌وانه‌ی تووشبوون، كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كان، داخستنی گه‌شتی فرۆكه له چین-ه‌وه و چه‌ندین پرسی دیكه).

له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ جیم ئاكۆستا، فاوچی گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی كاركردنمان بكه‌یت پێكه‌وه، ئه‌وه له‌سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌یدا ده‌زانیت چی رویداوه و وه‌ڵامه‌كه‌ت چنگده‌كه‌وێت، له باشترین حاڵه‌تدا، كه پێموایه باشی تێدا نه‌بووه و پێموایه ته‌نیا مێژووی كاركردن خۆی ده‌دوێت له‌سه‌ر ئه‌وه".
كاتێك كۆستا لێپرسی: "ئه‌گه‌ر تره‌مپ گه‌ڕایه‌وه كۆشكی سپی، كۆڤید-19 تا ئه‌وكاته هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌بوو، ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه حاڵه‌تی له‌ناكاوی ته‌ندروستی راگه‌یه‌ندرا، ئایا باوه‌ڕت به تواناكانی خۆت هه‌یه له‌و پۆسته‌دا بمێنیته‌وه".
فاوچی به گاڵته‌ئامێزه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ده‌شێت ده‌ست له‌كاربكێشمه‌وه به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تره‌مپ جارێكی دیكه كاربكه‌م".
تره‌مپ له ئۆكتۆبه‌ری 2020، له چوارچێوه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ته‌نیا مانگێك به‌ر له هه‌ڵبژاردنی 2020، له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه وتی: "خه‌ڵك هیلاكبووه له گوێگرتن له فاوچی و بێ عهقلهكانی دیكه، كه وه‌ك ئه‌وان بیر ده‌كه‌نه‌وه"، "هه‌ر كاتێك له تهلهفیزیۆتهوه ده‌ركه‌وێت بۆمبێكی پێیه".