تا گه‌یشته شوێنی مه‌به‌ست رێگه‌ی 10 خوله‌كی به 3700 كیلۆمه‌تر بڕی
سنووری 4 وڵاتی بڕی.. "ئه‌گه‌ر هه‌موو شته‌كانی ناو مۆبایله‌كه‌م پێشوه‌خته نهسڕیبایهوه، ئێستا مردبووم"

K24- هه‌ولێر:
هەرچەندە ماڵی باوکى سێرهی بلیێڤ و دەزگیرانەکەی لە خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، تەنها 10 کیلۆمەتر به ئۆتۆمبێل له شوێنی مانه‌وه‌ی دوور بوو، و دەتوانرێت لە ماوەی 10 خولەکدا بگاتە شوێنی نیشتەجێبوونی لە گوندی تسەرکۆنی، بەڵام لەشکرکێشی رووسیا رێگربوو له‌وه‌ی ئەم رێگایە به‌كاربهێنێت و ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پزیشكی بگه‌یه‌نێته دایکه نەخۆشهكهی، بۆیه رێگایەكی پڕ له مه‌ترسی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیا ده‌گرێته‌به‌ر و سنووری 4 وڵات ده‌بڕێت تا ده‌گاته شوێنی مه‌به‌ست.
ژیان لەناکاو لە بەرەبەیانی بیست و چواری شوباتدا گۆڕا، کاتێك هێزەکانی رووسیا ده‌ستیان به هێرشه‌كه كرد بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و گوندی بلیێڤی تەمەن 32 ساڵیش لە رۆژهه‌ڵاته‌وه له سنووری رووسیا و هێڵی پێشەوە نزیك بوو، ئەو ده کیلۆمەترەی ئه‌و گه‌نجه له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، ناتالی درۆوی ته‌مه‌ن 28 ساڵ و دایك و باوكی جیادەکاتەوە، دەسوڕایەوە بۆ ناوچەیەك کە مەحاڵە بتوانێت لێیه‌وه بیپەڕێتەوە.
بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"، لەبەر ئەوەی دایکه نەخۆشەکەی کە تەمەنی 66 ساڵ بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو کە بلیێڤ دەرمانەکەی بۆ بهێنێت، بیری لەوە کردەوە کە بە پێ بەرەو رۆژهەڵات بڕوات و رێگه‌ی ئەو 10 کیلۆمەترە بە گەشتێکی 3700 کیلۆمەتری پڕ مه‌ترسی بەرەو رۆژئاوا بگۆڕێت.
بلیێڤ کە یاریزانێکی پوکەر بوو، رێگەی سنووری رووسیای گرته‌به‌ر، پاشان بەسەر رووسیادا بەرەو لاتیڤیا، پاشان بۆ لیتوانیا، دواتر بۆ پۆڵەندا و گەڕایەوە بۆ رۆژئاوای ئۆکرانیا، بۆ ئەوەی لە رۆژئاواوە بگاتە خارکیڤ.
وه‌ك رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، بلیێڤ دان بەوەدا دەنێت کە ئه‌و بڕیاره‌ی بیرۆکەیەکی شێتانە بوو، "بەڵام ناچار بووم بگەمە لای دایك و باوکم و دەزگیرانەکەم".
لە رۆژانی سەرەتای جەنگدا، بلیێڤ و یوری برای تەمەن 45 ساڵ، گوندەکەیان "تسیرکۆنی" کە بەهۆی شەڕەوە ئاگری گرتبوو، هەڵهاتن بۆ گوندی سترێلچای نزیك لە باکوور، کە لەلایەن رووسەکانەوە كۆنترۆڵكرابوو، بەڵام بۆردومان نەکرابوو .
لە گوندەکەدا بلیێڤ دەستی کرد بە گەڕان بەدوای ئەو خێزانانەدا، کە دەیانویست بگەنە پۆڵەندا. ئەو و براکەی بڕیاریان دا بچنە پاڵ کاروانێکی چوار ئۆتۆمبێلی و ده‌ستی به لێكۆڕینی ئۆتۆمبێلە کۆنەکەی كرد، کە ژاوەژاوێكی زۆری لێوه‌ده‌هات، چونکە پێویستی بە چاککردنەوە هەبوو، بەڵام وه‌ك خۆی گوتی: "هیچ بژاردەیەکی دیکە نەبوو".
لەناو ئۆتۆمبێلەکەی بلیێڤدا دوو کەسی نه‌ناسراویش لەگەڵ ئه‌و و براکەیدا سواری ئۆتۆمۆبیله‌كه بوون بە ناوەکانی ئیم‌یل تەمەن 28 ساڵ و دەزگیرانەکەی بە ناوی کاتیا تەمەن 22 ساڵ.
گەشتەکە له 4ی نیسان له كاتژمێر 1ی پاشنیوه‌ڕۆ دەستی پێ‌کرد.
بلیێڤ گوتی: "سەرەتایەکە ئومێدبه‌خش نه‌بوو، سەربازانی رووسیا پێیان راگەیاندین کە سنوورەکە کیلۆمەترێك لێیانەوە دوورە و ئه‌گه‌ری زۆره كراوه‌بێت، بەڵام وا نەبوو" و وه‌ك دووپاتیكرده‌وه، "تەنها بژاردەی ئەو کاتە ئەوە بوو، کە 70 کیلۆمەتر بەناو خاکی داگیرکراوی ئۆکرانیادا لێبخوڕین بۆ ناوچەیەکی خاڵێكی دیكه‌ی پەڕینەوە له سنوور".
بلیێڤ دەڵێت: "ئێمە ئەم هەڵبژاردنە قورسەمان کرد، خاڵی پشکنینی زۆر هەبوو، لە ناوەڕاستی رێگاکەشدا سەربازانی رووسیا رێگەیان پێنەدەداین تێپەڕین، ئێمه‌یان گواسته‌وه ناو کەمپێكی سه‌ربازی و لێپرسینه‌وه‌ی زۆریان له‌گه‌ڵدا كردین".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بلیێڤ گوتی: رووسەکان زۆر گومانیان لە ئیم‌یل هەبوو کە خەڵکی شاری لوهانسكی رۆژهه‌ڵات بوو و پاسپۆرتی نەبوو (...) و مۆبایلەکەی لاكی ده‌كرد و تێكچووبوو، ئه‌ویش بەهۆی شێی ئەو ژێرزەمینەی کە له ترسی بۆردومانه‌كه خۆی تێدا حه‌شاردابوو.
بە گوتەی بلیێڤ، سەربازانی رووسیا جلوبەرگەکانی ئیمیلیان داکەند، بۆ ئەوەی بەدوای تاتۆیەکدا بگەڕێن، کە رەنگە ببێته بەڵگەیه‌ك بۆیان له‌سەر سەربازانی ئۆكرانیا.
هەروەها سەربازەکان خۆیان دەستیان کرد بە گەڕان بەناو مۆبایلەکەی بلیێڤدا، بەڵام ئەو هەموو شتێکی سڕیبووەوە: "ئەگەر نەمکردبا، ئێستا مردبووم"، ئه‌و گوتی: کاتێك شەڕەکە هەڵگیرسا، ئەو لە رێگەی تەلەفۆنەوە شوێنی کاروانە سەربازییەکانی رووسیای بۆ هاوڕێكانی له‌ناو هێزه‌كانی به‌رگری ناوچه‌یی ئۆكرانیا ناردبوو، به‌ڵام به‌هۆی سڕینه‌وه‌یان هیچیان نه‌كه‌وتنه ده‌ست هێزه‌كانی رووسیا و دواجار لە کاتژمێر 4ی ئێوارەی یەکەم رۆژی گەشتەکەدا.
هەرچەند قەدەغەی هاتوچۆی رووسیا لە کاتژمێر 5ی ئێوارە دەست پێدەکات، بەڵام گرووپی چوار سەرگەردانەکه لە گەشتەکەیان بەردەوام بوون و ژیانیان خستە مەترسییەوە.
گروپەکە رێڕەوی خۆڵیان گرتەبەر، و ناچار بوون پردێکی تێکچوو لە گوندی روبیگنی ببڕن، "پرده‌كه به 20 مەتر له ئاستی خۆی دابه‌زیبووه ناو ڕووبارەکە، لەو کاتەدا ترسام".
باری دەروونی سەرگەردانەکان دوای پەڕینەوەیان لە پردەکە باشتر بوو، بەڵام به‌ربه‌ستێكی دیكه هاته‌پێش و کارەساتێکی دیکە روویدا، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی تایەکانی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەی زیانێکی زۆریان بەرکەوت دوای ئەوەی کەوتە ناو چاڵێكه‌وه، بۆیە یاوه‌رانی بلیێڤ ناچاربوون یارمەتی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه نزیکترین گوند به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای میکانیکێك بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان، ئەو میکانیکە، لە راستیدا ئۆتۆمبێلەکەی چاك كرده‌وه".
لەسەر سنوور، نزیکەی کاتژمێر حەوتی ئێوارە، کارەبا نەبوو"، بەڵام سەربازە رووسەکان بە دۆشکە به‌ڕووماندا دەرکەوتن، "ئێمە بۆمان روون کردەوە، کە رێگاکە نازانین... پێکەوە گفتوگۆمان کرد...، و ئەوان قبوڵیان کرد".
کاتژمێر سێی بەیانی رۆژی دووەمی گه‌شته‌كه، گرووپەکە لە رووسیا بوون و کاروانەکە بەرەو بێلگۆرۆد رۆیشتن کە نزیکترین شاری گەورەی رووسیا بوو له سنوور.
بەڵام ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منییه‌كانی رووسیا شوێنیانكهوتن، بلیێڤ دەڵێت: "هەموو یەکێکمان جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، دەمزانی مۆبایلەکەم پاکە، پرسیاریان لەبارەی کارەکەمەوە کرد، بۆیە نزیکەی 20 خولەکمان به قسەکردن لەسەر پوکەر بەسەر برد".
کاروانەکە نزیکەی کاتژمێر پێنجی بەیانی گەیشتە بەلگۆرۆد و هەمووان لە دەرەوەی مۆڵێکی بازرگانی له‌ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌دا خه‌وتن.
پاشان کاروانەکە لە گەشتەکەیدا بە سەر کورسك، رووسلاڤ، سمۆلێنسك و ڤێلیکیە لوکی تێپەڕی و دواجار کاتژمێر دەی رۆژی دواتر، واتە شەشی نیسان گەیشتە دەروازەی سنووری ئۆبیلینکا بۆ ناو لاتڤیا.
پبلیێڤ له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا دەڵێت: 16 کاتژمێری خایاند تا له سنوورەکە په‌ڕیینه‌وه، "بەڵام لە کۆتاییدا هەستمان بە ئاسوودەیی کرد، دوای ئەوەی بەو سنوورەدا تێپەڕین و گەیشتینە لاتڤیا، لە کۆتاییدا پەیوەندیمان بە خۆشه‌ویسته‌كه‌م، دایکم و باوکمەوە کرد"، دەزگیرانەکەم پێی گوتم: له پۆڵه‌ندا بمێنه‌ره‌وه و نه‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ ئۆكرانیا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌ت بیت، و دەتوانین دوای کۆتایی هاتنی جەنگ کۆببینەوە”.
بلیێڤ و هاوڕێکانی کاتیان نەبوو بیربکەنەوە، کاتژمێر دووی بەیانی بوو، گەشتێکی هەزار کیلۆمەترییان لە رێگەی لاتڤیاوە بۆ پۆڵەندا له‌پێش بوو.
کاروانەکە جارێکی دیکە بەرەو وارشۆ كه‌وته‌ڕێ و کاتژمێر حەوتی ئێوارە گەیشتە وارشۆ. هاوڕێ سەفەرەکانی گەیشتنه شوێنی مەبەست، لەوێ هۆڵێکی گەورەی پێشانگا گۆڕدراوە بۆ ناوەندێکی پەنابەران و گوازرانه‌وه ناو هۆڵه‌كه.
پێویستبوو بلیێڤ بڕیاری خۆی بدات. لە ماوەی حەوت رۆژ مانەوەی لە وارشۆ بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا، مەترسییەکانی گەڕانەوەی بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بگاتە دایك و باوك و دەزگیرانەکەی، پێدەچوو زۆر قورس بێت.
لە 14ی نیسان، کاتژمێر دووی ئێوارە، بلیێڤ وارشۆی بەرەو سنوورجێهێشت، و پەیوەندی بە کاروانێکی مرۆییەوە کرد، کە بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەڕۆیشت.
هەروەها رێگای کیێڤیش پڕ بوو لە مەترسی، بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە رێگه‌کان داخرابوون، ئەمەش سەد کیلۆمەتر بۆ گەشتە 550 کیلۆمەترەکەی لە پۆڵەندا بۆ کیێڤ زیاد کرد.
بلیێڤ نیوەڕۆی 15ی نیسان گەیشتە لای یه‌كێك له هاوڕێكانی له شاری کیێڤ و دوای 11 رۆژ توانی بۆ یه‌كه‌م جار له‌سه‌ر پێخه‌فێك بخه‌وێت.
بەرەبەیانی 18ی نیسان، له کیێڤه‌وه بەرەو پۆلتاڤا بەڕێکەوت، کە شارێکە لە نیوەی رێگای شوێنی مەبەستیدا بوو، کە برا بچووکەکەی لەوێ دەژیا.
لە پۆلتاڤا دەرمانی بۆ دایك و باوکی کڕی و به‌ره‌و هێڵەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکرانیا كه‌وته‌ڕێ، کە له‌و ناوچه‌یه به‌هۆی شه‌ڕ و گرژییه‌كانی خاكیێڤ، گوندەکەی ببووه شوێنێكی دابڕاو له ده‌وروبه‌ری، بەڵام بلیێڤ بڕیاریدا، ئەوەی دەیویست بەدەستی بهێنێت.
ئەو ویستوویەتی دایك و باوکی تووشی سەرسوڕمان بکات، بۆیە تەلەفۆنی بۆ کردوون و پێی گوتوون، کە یەکێك لە خۆبەخشەکان لە نزیك ماڵەکەیە، بۆیە دەبێت بێنە خوارەوە بۆ پێشوازیکردن، هەروەها دەشڵێت: "کاتێك هاتنە خوارەوە، منیان بینی و لە باوەشیان گرتم و... فرمێسکەکان رژان".
له‌كاتێكیشدا كه تەنها 50 مەتر لە ماڵی ناتالیەوە دوورە، پۆلیس رێگرییان لێکرد، "گومانیان لە بەتانیەکان و بارودۆخی ئۆتۆمبێلەکەم هەبوو، پرسیاریان لێکردم کە ئایا تێیدا خەوتووە و بۆچی؟"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئه‌وه‌ی له‌وێش منیان رزگاركرد، تەنها مۆرەکانی سه‌ر پاسپۆرتەکەم بوون بووه جێگه‌ی متمانه‌پێكردنیان به چیرۆكه‌كه‌م".
لە کۆتاییدا بلیێڤ گەڕایەوە و ناتالی به زه‌رده‌خه‌نه‌وه لێی پرسی، ئایا راسته دەزگیرانەکەی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی داوه؟ بلیێڤ گوتی: "نیشتمان هه‌ر نیشتمانە".
H.B