فڕۆکەیەك بە 22 سەرنشینەوە دیار نەما

دوو هەلیکۆپتەر بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە رەوانە کراون

فڕۆکەی جۆری Twin Otter
فڕۆکەی جۆری Twin Otter

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئایاری 2022، کۆمپانیای فڕۆکەوانی تارا ئێر رایگەیاند، فڕۆکەیەك کە 22 سەرنشینی هەڵگرتبوو و بەسەر ئاسمانی ناوچەیەکی شاخاوی نیپاڵدا دەفڕی، دیار نەما.

سەدرشان بارتاولا، گوتەبێژی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، فڕۆکەکە لەجۆری Twin Otter بووە و لە شاری بوخاراوە لە ناوەڕاستی رۆژئاوای نیپاڵەوە گەشتەکەی دەستپێکردووە و سێ کەس لە ستافی فڕۆکەوانی و 19 سەرنشینی دیکەی تێدا بووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، ڤانیندرا مانی بوخاریل ئاماژەی بەوەدا، دوو هەلیکۆپتەر بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکە رەوانە کراون.

ناوبراو گوتیشی: "خراپی کەشوهەوا ئۆپەراسیۆنی دۆزینەوەی فڕۆکەکە خاو دەکاتەوە، ئاستی بینین بەجۆرێک دابەزیووە کە ناتوانین هیچ شتێك بەڕوونی ببینین."