سزای له‌سێداره‌دان بۆ پلانداڕێژه‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بازاڕی له‌نگه‌ی به‌غدا ده‌رچوو
"تاوانبار پله‌ی (والی باشوور)ـی له ریزی چه‌كدارانی داعش هه‌بوو"

K24 - هەولێر:
دادگای عێراق سزای له سێداره‌دانی بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری داعش ده‌ركرد، كه به پلانداڕێژه‌ری هێرشه خۆكوژییه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غدا (ساڵی 2021) تاوانباره و بووه هۆی كوژران و برینداربوونی ده‌یان كه‌س.
دادگای تاوانه‌كانی به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، سزای له سێداره‌دان بۆ به‌رپرسی یه‌كه‌می ته‌قینه‌وه‌ی بازاڕی له‌نگه له ناوچه‌ی "باب ئه‌لشه‌رقی" له به‌غدا ده‌رچوو، بووه هۆی كوژران و برینداربوونی ده‌یان هاووڵاتی بێ‌تاوان.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دادگای تاوانه‌كانی به‌غدا هاتووه، تاوانبار پله‌ی "والی باشوور"ـی له ریزی چه‌كدارانی داعش هه‌بوو، به‌رپرسی یه‌كه‌م و پلانداڕێژه‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ساڵی 2021ـی به‌غدایه، له ساڵی 2012ـه‌وه چووه‌ته ریزه‌كانی چه‌كدارانی داعش، له‌و كاته‌وه پیلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی بازاڕی باله‌ی به‌غدای له رێگه‌ی دوو خۆكوژه‌وه ئاماده كردووه.
له 21ـی نیسانی ساڵی 2021 دوو خۆكوژ له ناو بازاڕی له‌نگه له به‌غدای پایته‌ختی عێراق خۆیان ته‌قانده‌وه، بووه هۆی كوژرانی 32 كه‌س و بریندار بوونی 110 كه‌سی دیكه، به گوێره‌ی یاسای تیرۆر ژماره 13ـی ساڵی 2005 تاوانبار سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
له دوای راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش له ساڵی 2017 ده‌یان چه‌كداری ئه‌م رێكخراوه سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوو.