سەرکردەی کەتیبەی ژنانی داعش لە ئەمەریکا دادگایی دەکرێت

ژنانی فێری بەکارهێنانی کڵاشینکۆف کردووە

ئاڵسن فلوک-ئەکرەن
ئاڵسن فلوک-ئەکرەن

K24 - هەولێر:

ژنێک کە هاووڵاتیی ئەمەریکایە بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی کەتیبەیەکی داعش لە سووریا کە بە تەواوی لە ژنان پێک هاتوون" و "پشتیوانیکردن لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش" دادگایی دەکرێت.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، ئاڵسن فلوک-ئەکرەن کە بە "ئاڵسن ئەکرەن" و "ئوم موحەممەد ئەمریکی" ناسراوە بەهۆی پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە 2019 وەک تاوانبار راگەیەندرا.

دایكی محه‌مه‌دی ئه‌مه‌ریكی
دایكی محه‌مه‌دی ئه‌مه‌ریكی

دادگای فیدڕاڵی لە شاری ئەلێکساندریا لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بەو تۆمەتانەی ئاراستەی تۆمەتبار کراون بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.

بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەدەن، تۆمەتبار مەشق و راهێنانی بە کەتیبەیەکی داعش کردووە لە رەققە کە بە تەواوی لە ژنان پێک هاتوون، ژنانی فێری بەکارهێنانی کڵاشینکۆفی AK-47، بەکارهێنانی بۆمبی دەستی و هێلەکی بۆمبڕێژکراو کردووە.

دایكی محه‌مه‌دی ئه‌مه‌ریكی
دایكی محه‌مه‌دی ئه‌مه‌ریكی

لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەکرەنی تەمەن 42 ساڵ کە بە رەچەڵەک میسرییە لەگەڵ سەردەستەی پێشوو لە رێکخراوی ئەنسار ئەلشەریعە کە هاوسەری دووەمی بووە چووەتە میسر و لە 2011 چەند جارێک سەردانی ئەمەریکای کردووە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، دوای هێرش کردنە سەر نوێنەرایەتی دیپلۆماتی ئەمەریکا لە 2012 لە بنغازی، هاوسەرە میسرییەکەی ئەو ژنە ئەو بەڵگانەی بردوونەتە ئەو ماڵەوە کە لە کاتی هێرشەکەدا لە بەشی سی ئای ئەی دەستی بەسەردا گرتوون و ناوبراویش لە بەڵگەکانی کۆڵیووەتەوە و کۆی کردوونەتەوە.

ئەکرەن لە کۆتایی 2012دا چووەتە سووریا و هاوسەرەکەی بە خێرایی لەناو داعشدا پلەی بەرز بووەتەوە و بووەتە "ئەمیری نیشانشکێنەکان".

لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەکرەن لەو ماوەیەی لە سووریا بووە داوای لە ئەندامانی داعش کردووە هێرشێک بۆ سەر مۆڵێک لە ئەمەریکا ئەنجام بدەن و داوای کردووە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بنێرنە گەراجی باڵەخانەیەک بەڵام باسی لەوە کردووە کە لە هێرشەکەدا کەسانێکی زۆر ناکوژرێن و زێدەخەرجیش لەخۆ دەگرێت.

لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەکرەن لە 2014دا ویستوویەتی هێرش بکرێتە سەر زانکۆیەک لە ئەمەریکا و لەمبارەیەیشەوە ئەندامێکی پێشووی داعش گەواهی داوە، تۆمەتبار لە 2015ەوە لە رەققەوە چووەتە مووسڵ.

ئەکرەن لە مووسڵ گرنگی بەو ژنانە داوە کە لە ماڵەکاندا ماونەتەوە و هاوسەرەکانیان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون، لە 2016 لە رەققە بنکەیەکی تایبەت بەو ژنانە کردووەتەوە کە مێردەکانیان چەکداری داعشن و لەوێ مەشق و راهێنانی پێ کردوون لەسەر بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی.

لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە بە ناو پارێزگاری رەققە'ی داعش لەبارەی چالاکییەکانی بنکەکەوە دەسەڵاتی داوە بە ئەکرەن کەتیبەی خەتیبە نوسەیباح دروست بکات.

بۆ ئەوەی ئەمەریکا بە شوێنیدا نەگەڕێت تۆمەتبار لە 2018 زانیاری بە خانەوادەکەی دراوە کە مردووە، بەڵام لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا ئەمەریکا شوێنەکەی لە دەرەوەی وڵات دەستنیشان دەکات و دەستگیری دەکات، دوای پرۆسەی لێکۆڵینەوەیش لەگەڵیدا ناوبراو دەگوازرێتەوە ئەمەریکا.

ئەکرەن دانی بە تۆمەتەکاندا ناوە و چاوەڕێ دەکرێت لە 25ـی ئۆکتۆبەری 2022 کۆتا بڕیاری دەدگا بدرێت، هاوکات داوا دەکرێت بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبار بە لایەنی کەمەوە 20 ساڵ زیندانی بکرێت.

aa

Fly Erbil Advertisment