رۆژانی داهاتوو شەپۆلی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە؟
"پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان وردە وردە کەم دەبنەوە"

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ هەینی 10ـی حوزەیرانی 2022، دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ راپۆرتێک نییە کە ئاماژە بە گەڕانەوەی شەپۆلی خۆڵبارین بدات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)بڵاویکردەوە، عامر جابری، بەڕێوەبەری دەستەی کەشناسی گوتی: "عێراق لە ئێستادا کاریگەری دابەزینی پلەکانی گەرمای وەرزی لەسەرە." وێڕای روونکردنەوەی کاریگەرییەکانی، ناوبراو دووپاتی کردەوە تا ئێستا هیچ راپۆرتێکیان بەدەست نەگەیشتووە کە ئاماژە بە گەڕانەوەی شەپۆلی خۆڵبارین بدات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشدا، "جوڵەی با لە ناوچەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لە باکووری ڕۆژئاوا سووک تا مامناوەند دەبێت، خێراییەکەی 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و لە 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان وردە وردە کەم دەبنەوە و بای باکووری رۆژئاوا لە 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەمێنێتەوە".