ئاوارەکانی مووسڵ: بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کار ناتوانین بگەڕێینەوە شارەکەمان
داعش هەشت ساڵ لەمەوبەر مووسڵی داگیرکرد

K24 - هەولێر
دوای هەشت ساڵ بەسەر کەوتنی شاری مووسڵ، تائێستا %30 دانیشتووانی شارەکە لە ئاوارەییدا ژیان بەسەر دەبەن، کە بەشێکیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی دیکەشیان لە کەمپەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانین و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
بە گوێرەی ئامارەکان هەزار و 326 خێزانی ئاوارە لە کەمپی بەحرکە دەژین لەنێویاندا 800 خێزان ئاوارەکانی شاری مووسڵن.
ئەبو هاشم جبووری، یەکێکە لە ئاوارەکانی مووسڵ و لە کەمپی بەحرکە نیشتەجێیە بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە ناگەڕێینەوە، چونکە مووسڵ هیچ خزمەتگوزارییەکی لێ نییە، ئاو، کارەبا و خانوو، خانوو، هیچمان نییە، هەروەها هەلی کار لە شارەکەمان نییە، حکومەتی عێراق دەڵێ بگەڕێنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئێمەی سەربەست کردووە لە مانەوەمان یان گەڕانەوە، ئێمە نامانەوێ بگەڕێینەوە".
هەرچەندە حکومەتی عێراق چەندینجار داوای لە ئیدارەی کەمپەکانی هەرێم کردووە، کە دەرگای کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ناتوانن ئاوارەکان بە ناچاری بگەرێنیننەوە.
سەختی ژیان وای لە ئافرەتانی ئاوارە کردووە، رۆژانە لە دەرەوەی کەمپەکان بۆ پەیداکردنی بژێوی منداڵەکانیان هاوشانی پیاوەکان کاربکەن.
ئامینە جاسم، ئافرەتێکی نیشتەجێی کەمپی بەحرکەیە و بەهۆی داعش چەند ساڵێکە مووسڵی جێهێشتووە، ئەو دەڵێ: "چۆن بگەڕێینەوە شارەکەمان، نە خزمەتگوزاری و نە ئاسایش و ئارامی هەیە، من 7 منداڵم هەیە، لەوێ هیچ کارێک نییە منداڵەکانم چۆن بژین؟ لێرە رۆژانە بۆ بژێوی ژیانی منداڵەکانم لە دەرەوەی کەمپ کاردەکەم".
لە 10/6/2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و داگیریان کرد، هەرچەندە پێشتر چەند لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەوتنی مووسڵ و سزادانی تۆمەتباران پێکهێنراوە، بەڵام تائێستا هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەو پرسە رووبەرووی یاسا نەکراوەتەوە.