بەهای بیتکۆین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

بیتکۆین بۆ کەمترین ئاستی 18 مانگی رابردووی دادەبەزێت

بیتکۆین
بیتکۆین

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی حوزەیرانی 2022، بەهای یەک دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین بەرامبەر بە 24 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش نزمترین ئاستی خۆیەتی لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەروارد بە بەرزترین ئاستی کە لە تشرینی دووەمی 2021 تۆماری کردووە، بیتکۆین لە سەدا 65 دابەزیووە، نزمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020ـەوە. 

دراوی ئیسیریۆمیش بەهەمانشێوە دابەزینێکی گەورەی بەخۆیوە بینی، کە ئەمڕۆ یەک ئیسیریۆم بەرامبەر بە 1237 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە 148500 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کەوتووەتە ژێر گوشارەکانی یەدەگی بانکی فیدراڵی ئەمریکا.

بە گوێرەی داتاکان رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی ئایاردا لە بەرزترین ئاستەکانی 40 ساڵی رابردوویدایە، ئەوەش وایکردووە، ئەو وەبەرهێنەران دەستبەرداری ئەو سامانەیان بن کە مەترسی مامەڵەیان بەرزە لە نێویشیاندا دراوە ئەلیکترۆنییەکان و پشکەکان. بۆیە دەستیان بە فرۆشتنی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کردووە.

Fly Erbil Advertisment