مایكرۆسۆفت: رووسیا بۆ کاری سیخوری 42 وڵاتی کردووه‌تە ئامانج

"دوو لەسەر سێی ئامانجی سیخوڕییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بوون"
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت

K24 – واشنتن/ ئه‌مه‌ریكا:

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئاشکرای کرد، رووسیا لە رێگه‌ی هاککردنەوە هەوڵی داوە کاری سیخوری بەسەر 42 وڵاتدا بکات، کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیادا هاوکاری و پاڵپشتی کیێڤیان کردوە.

براد سمیز، سەرۆکی مایکرۆسۆفت گوتی: ''لە دەسپێکردنی شەڕەکەوە، رووسیا هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیای کردووه‌تە ئامانج و لەم بارەوە بە رێژەی 29% سەرکەوتوو بووە. کاتێک وڵاتە هاوپەیمانەکان بۆ داکۆکیکردن و یارمەتیدانی ئۆکرانیا یەکیان گرت، دەزگاکانی هەواڵگری رووسیا چالاکی و ئەرکە سیخوڕییەکانیان بە مەبەستی دزەکردنە نێو تۆڕەکانی ئینتەرنێتی حکومەتەکانی دەرەوەی ئۆکرانیا پەرە پێدا".

بە گوێرەی زانیارییەکانی مایکرۆسۆفت، نزیکەی دوو لەسەر سێی ئامانجی سیخوڕییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بوون. لەم هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌شدا واشنتن ئامانجی سەرەکی و پۆڵەندا دووەمین ئامانج بووە و سیخوڕییان بەسەردا کراوە. لە دوو مانگی رابردووشدا وڵاتانی سوید، دانیمارك، نه‌رویج و تورکیا بوونەتە ئامانجی هەوڵە سیخوڕییەکانی رووسیا.

راپۆرتەکەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت باس لەوەش دەکات، لەگەڵ هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا بۆ سەر ئۆکرانیا، هاککەرەکانی سه‌ربە رووسیا بە پلانی تۆکمە و درێژماوە دژی حکومەت و رێکخراوە مرۆییەکانی 42 وڵات کاری سیخوڕیان ئەنجام داوە. کۆی ئەو 42 وڵاتەش کە لە لایەن رووسیاوە کراونەتە ئامانجی سیخوڕی، ئەو وڵاتانەن، كه‌ یارمەتی ئۆکرانیایان داوە.

له‌ راپۆرتەکەدا هاتووه‌: 128 رێکخراو کە نیوەیان په‌یوەنیدار بە حکومەتەکانەوە بوون، کراونەتە ئامانج، 12%یشیان ئەو بنکە و دامه‌زراوانه‌ بوون، كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان حکومەتەکانه‌وه‌ نەبوون.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردوە، لەم هەڵمەتەدا زۆرتر رێکخراوە مرۆییەکان و ناوەندەکانی راوێژکاری ئامانجی سەرەکی هەنگاوی سیخوڕییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا بوون.

هەروەها کۆمپانیاکانی پەیوەندی گرتن، وزە و بەرگری بەشێکی دیکە لە ئامانجی سیخوڕ و هاكکەرە رووسییەکان بوون.

هێرشەکانی رووسیا لە 24ی شوباتی ئەمساڵدا دژی ئۆکرانیا دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەوەی رووسەکان رایانگەیاندبوو لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئۆکرانیا داگیردەکەن، بەڵام شەڕەکە تاکو هەنووکەش درێژەی هەیە و بە هەزاران کوشتە و برینداری لێکەوتووه‌تەوە و بە سەدان ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە هەر دوو وڵات گەیاندووە.

هەروەها رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە، بە هۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، تا ئێستا پتر لە 6.5 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەم رێژەیە بۆ 8.3 ملیۆن کەس زیاد بکات.