دەنگۆی شێواندنی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس رەتدەکرێتەوە

هەڵو شێرکۆ بێکەس: گڵکۆی شێرکۆ بێکەس نەشێوێندراوە، بەهۆی رەشەباوە دیواربەندەکەی پشتی کەمێک رووخاوە

گڵکۆی شێرکۆ بێکەس - پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی
گڵکۆی شێرکۆ بێکەس - پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی

K24 - سلێمانی

لەسەر دەنگۆی شێواندنی گۆڕی شێرکۆ بێکەس کە شەوی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لایەنە ئەمنییەکان دڵنیایان کردوونەتەوە کە گڵکۆکە نەشێوێندراوە.

لە روونکردنەوەیەکدا هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئاماژەی بەوەداوە "هەندێک سایت و ماڵپەری کوردی، وێنەیەکیان بڵاوکردوەتەوە، گوایە گڵکۆی شێرکۆ بێکەس شێوێنراوە، ئێمە پاش قسەکردن لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی شار، دڵنیایمان وەرگرت گڵکۆکە نەشێوێنراوە، تەنها بەهۆی رەشەباوە، دیواربەندەکەی پشتی کەمێک روخاوە و چاکیدەکەینەوە".

شێرکۆ بێکەسی شاعیری ناوداری کورد، رۆژی 4ی ئایاری 2013 لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی هێندرایەوە سلێمانی و لە پارکی ئازادی بەخاکسپێردرا، رۆژانەش بەشێک لەو کەسانەی سەردانی پارکەکە دەکەن، دەچنە سەر گۆڕی ئەو شاعیرە کوردە.

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، سوپاسی خەمخۆریی سایت و ماڵپەرە کوردییەکان دەکات بۆ پاراستنی گۆڕی ئەو شاعیرە و دەڵێت "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە گڵکۆی شاعیر کامێرای چاودێری لەسەرە و هیچ دەستێک ناتوانێت بیشێوێنێ و زیانی پێبگەیەنێت".

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە، لە ساڵی 1940 لەدایکبووە و لە 4ی ئایاری 2013  کۆچی دوایی کرد، خاوەنی دەیان بەرهەمی چاپکراوە و ساڵی 2009 تەواوی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپکران.

Fly Erbil Advertisment